حكومه‌تی هه‌رێم به‌ توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئێران ده‌كات بۆ سه‌رخاكی هه‌رێم و هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی

خواكوڕك

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئیدانەی بۆردومانەکانی دوێنێ ناوچە سنورییەکانی هەرێمی كوردستانی كرد له‌ لایه‌ن تۆپخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی  ئێرانەوە و داواش دەکات، دەست لە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و خاکی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بۆردومانەکانی ئەم دواییانەی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان،  لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کردەوەو رایگه‌یاندوه‌”حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای مەحکوم کردنی ئەوکارە، ئەوە ڕادەگەیەنێت کە لە کاتێکدا ئێمە پابەندین بە بنەماکانی دراوسێیەتی باش و دەستنەخستنە ناو کاروباری یەکترەوە و لایەنێک نین لە کێشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئیران و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و گرفتەکانی نێوانیان، هاوکات نامانەوێت لەژێر ئەو پەرەدەیە دانیشتوانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان لە ناوچە سنورییەکان، وەک کۆچەری و گوندنشینەکان، ببنە قوربانیی بۆردومان و تۆپبارانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران”.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ش هاتووە “حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئەم کارە سەرکۆنە دەکات، داواش لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، دەست لە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و خاکی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت، ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم بەهۆی ئەو دۆخەوە بانگهێشتی کونسوڵگەری گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئیران دەكه‌ین بۆ گەیاندنی پەیام و هەڵوێستی ناڕەزایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو بەرزی بکەنەوە بۆ پایتەختی خۆیان”.

Back to top button