به‌رگری شارستانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا به‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان ناده‌ین روماڵی راسته‌وخۆ ئه‌نجامبدات

خواكوڕك

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت” كه‌ له‌مه‌ودوا ڕێگه‌ نادرێت به‌هیچ كه‌ناڵێك و ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن  له‌كاتی ڕوودانی ڕووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ڕووماڵی ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجام بدات.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر:-

بۆ / سه‌رجه‌م ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی كوردستان

بابه‌ت / روونكردنه‌وه‌و له‌یه‌ك گه‌یشتنی كاركردنمان

سڵاو رێز ….

به‌ڕێزان له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی (بینراو، بیستراو، خوێندراو) رۆژنامه‌وان و په‌یامنێره‌ به‌ڕێزه‌كان، ئێمه‌ وه‌ك به‌رگری شارستانی هه‌ولێر هه‌میشه‌ شانازی به‌ بوونی ئێوه‌ ده‌كه‌ین و ئاماده‌یتان له‌كاتی رووداوه‌كانی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ به‌رز ده‌نرخێنین، دیاره‌ كارمه‌ندانی به‌رگری شارستانی له‌سه‌ر تاسه‌ری كوردستان به‌بێ گوێدانه‌ كات و سات، شه‌و رۆژ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكدا بوون، به‌و توانا لۆجسیتكه‌ی له‌به‌رده‌ستماندایه‌و به‌هێز و بازووی كارمه‌نده‌كانی ئاگر كوژێنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌ رووبه‌رووی ده‌یان و سه‌دان كاره‌ساتی جۆرا جۆری ئاگر و لافا چه‌ندیین رووداوی دیكه‌ بووینه‌ته‌وه‌.

له‌و چوار چێوه‌یه‌دا رێگه‌مان له‌چه‌ندیین كاره‌ساتی دڵته‌زێن گرتووه‌و ته‌نانه‌ت گیانی كارمه‌نده‌كانی خۆمان خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی هاوڵاتیان رزگار بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆر جار له‌كاتی روودانی كاره‌ساتی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كان ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ رووماڵی بۆ ده‌كه‌ن له‌و كاته‌دا چه‌ندیین زانیاری هه‌ڵه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ بینه‌رانیان، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌م یاداشته‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئاگاداری هه‌موو كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌پێی ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه‌ ده‌توانن ده‌كرێ له‌مه‌ودوا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن و زانیارییه‌كان له‌لایه‌ن به‌شی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی به‌ده‌ست بهێنن و به‌ یارمه‌تی هه‌ردوولا كاره‌كان باشتر و چاكتر ده‌به‌ینه‌ قۆناغێكی باشتر.

1-هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن له‌كاتی روودانی ئاگركه‌تنه‌وه‌ پێویسته‌ چه‌ند مه‌ترێك دوور بێت له‌ رووداكه‌، چونكه‌ زۆر جار دارمان یا ته‌شه‌نه‌ كردنی ئاگر یاخوود شۆرتی كاره‌با گیانی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ كه‌ له‌و شوێنه‌ نزیكن، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌دووره‌وه‌ وێنه‌ بگرن”.

2-له‌كاتی روودانی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ نابێ هیچ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن رووماڵی راسته‌وخۆ ئه‌نجام بدات، ته‌نها له‌كاتی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌ئه‌فسه‌ران یاخوود ژووری بزوێنی به‌رگری شارستانی ئه‌ویش ته‌نها چه‌ند خوله‌كێك ته‌نها بۆ گواستنه‌وه‌ یاخوود ئاماژه‌ پێكردنی رووداوه‌كه‌و هیچی دیكه‌، چونكه‌ له‌كاتی په‌خشی راسته‌وخۆ هیچ زانیارییه‌ك راست و دروست دیار نیه‌ و به‌رده‌ست نیه‌، بگره‌ ته‌نها به‌شێوه‌ی ئه‌گه‌ر یاخوود گومان هه‌واڵه‌كه‌ ده‌گواسترێته‌وه‌ بۆ بینه‌ر، به‌و شێوه‌یه‌ش به‌ یاسا هه‌ر رووداوێك تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام نه‌درێت، ناتوانرێ هه‌واڵی دروستی له‌سه‌ر بگوترێت”.

3-له‌كاتی هه‌ر رووداوێكی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ باسی زه‌ره‌رو زیانه‌كان نابێت بكرێت له‌سه‌ر زاری هاوڵاتیان چونكه‌ ئه‌وه‌ كاری لێژنه‌ی پسپۆری به‌رگری شارستانیه‌، كه‌ له‌دوای كۆتایی هاتنی رووداوه‌كه‌ دیاری ده‌كات و پاشان ده‌كرێ په‌یوه‌ندی بكه‌ن له‌باره‌ی قه‌باره‌و تێچووی زیانه‌كان.

4- هه‌ر رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی گه‌وره‌، له‌دوای كۆتایی هاتنی رووداوه‌كه‌و ده‌ست كه‌وتنی چه‌ند سه‌رداوێك یاخوود روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی به‌سازكردنی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی، یاخوود هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن پێویستی به‌ وه‌رگرتنی زانیاری هه‌بوو ده‌توانێ په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌كانی ژووری عه‌مه‌لیاتی به‌رگری شارستانی (066115 یان 066125) بكات بۆ ئه‌وه‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری به‌ده‌ست بهێنێت.

5-وه‌رگرتنی راو بۆچوونی هاوڵاتیان به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ران یاخوود به‌شی راگه‌یاندنی به‌رگری شارستانی پشت راستبكرێته‌وه‌ دروست نیه‌و ئێمه‌ روونكردنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو هه‌واڵه‌كه‌ یاخوود راپۆرته‌ له‌و كاته‌دا ناچارین رێگه‌ی یاسای بگرینه‌ به‌ر، زانیاری له‌سه‌ر چۆنیه‌تی رووداو زیانه‌كان ئه‌وه‌ كاری هاوڵاتیان نیه‌ كاری لێژنه‌كانی به‌رگری شارستانیه‌.

6-هه‌موو ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن مافی خۆیه‌تی هه‌واڵ و زانیاری له‌سه‌ر چۆنیه‌تی رووداوه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام پێویسته‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیش له‌كاتی پێویسته‌ هاوكاری به‌رگری شارستانی بكه‌ن له‌گه‌یاندنی رێنه‌مایه‌كان و ئه‌ركی كارمه‌ندنی به‌رگری شارستانی چونكه‌ راگه‌یاندنه‌كان ته‌نها ئه‌و كاته‌ به‌رگری شارستانیان له‌ یاده‌، كاتێك رووداوێك دێته‌ پێشه‌وه‌ وه‌كو تر هیچ كاتێك هاوكاری به‌رگری شارستانی ناكه‌ن بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كانیان، له‌كاتێكدا به‌رگری شارستانی ئه‌ركی وه‌كو كارمه‌ندانی (ته‌ندروستی و نه‌خۆشخانه‌كان) پیرۆزه‌، یاخوود ده‌كرێ بڵێین كارمه‌ندانی به‌رگری شارستانی پێشمه‌رگه‌ی ناو ئاگر و لافاو بومه‌له‌رزه‌ن.

7-له‌كاتی به‌ده‌ست هێنانی وێنه‌ی كاره‌ساته‌كان یاخوود سوتانی سه‌رو ماڵی هاوڵاتیان یان جه‌سته‌ی مرۆڤه‌كان نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ شاشه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌ چونكه‌ نیشاندانی بۆ هه‌ستی بینه‌ر به‌تایبه‌تی منداڵ و ئافره‌ت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بوڵ نیه‌ و نابێت وێنه‌ی بگیرێت و بڵاوبكرێته‌وه‌.

8-هه‌ندێك كاره‌سات بۆ هه‌ستی نیشتمانی یاخوود سامانی نه‌ته‌وه‌یی و باری ئابووری ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ست كردن به‌ به‌ر پرسیاریه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت بۆ نموونه‌ له‌كاتی وه‌رزی دروێنه‌ سوتانی دانه‌وێڵه‌كان یاخوود باخ و شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان نابێ هه‌موو زانیارییه‌ك بخرێته‌ روو.

9-هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن به‌رنامه‌یه‌ك یاخوود بابه‌تێك له‌سه‌ر به‌رگری شارستانی بوروژێنێت پێویسته‌ نوێنه‌رمان له‌به‌رنامه‌كه‌ ئاماده‌ بێت و زانیاریه‌كان له‌باره‌ی به‌رگری شارستانی روون بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ش به‌رگری شارستانی خاوه‌نی چه‌ندیین پسپۆره‌.

10- به‌رگری شارستانی هه‌موو كاتێك ده‌رگای واڵایه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ی به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راست و دروست زانیارییه‌كان بۆ بینه‌رانیان ده‌گوازنه‌وه‌.

راگه‌یاندنی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر

Back to top button