حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی كۆنسوڵی گشتی ئێران دەكات
خواكوڕك
دوای ئەوەی دوێنێ تۆپخانەكانی ئێران سنورەكانی هەرێمی كوردستان لە سنوری قەزای چۆمانی بە قولای 5 كیلۆمەتر بۆدوومانكرد, حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان لەلایەن ئێرانەوە سەركۆنە دەكات و بانگهێشتی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەكات.
سەبارەت بە بۆردومانەكانی ئەم دواییانەی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن تۆپخانەكانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە.
حكوومەت لە راگەیەندراوەكەدا، تۆپبارانكردنەكە سەركۆنە دەكات و دەڵێت: “ئەوە لەكاتێكدایە ئێمە پابەندین بە بنەماكانی دراوسێیەتی باش و دەستنەخستنە ناو كاروباری یەك دیكەوە و لایەنێك نین لە كێشەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و گروپەكانی ئۆپۆزیسیۆن و گرفتەكانی نێوانیان”.
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، نامانەوێت لەژێر ئەو پەردەیە دانیشتووانی مەدەنیی هەرێمی كوردستان لە ناوچە سنورییەكان، وەك كۆچەری و گوندنشینەكان، ببنە قوربانیی بۆردومان و تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا ئەم كارە سەركۆنە دەكات، داواش لە كۆماری ئیسلامیی ئیران دەكات، دەست لە هێرشكردنە سەر خەڵكی مەدەنی و خاكی هەرێمی كوردستان هەڵبگرێت”.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەكات و دەڵێت: “ئامانج لەو بانگهێشتە بۆ گەیاندنی پەیام و هەڵوێستی ناڕەزایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوەكو بەرزی بكەنەوە بۆ پایتەختی خۆیان”.