نامەیەك لە عادل باخەوانەوە بۆ هاوڕییانی لە سلێمانی, تكایە ئەو هەڵە مێژووییە مەكەن !
خواكوڕك
دوای ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە پالپشتی حزبەكانی كوردستان 25ی ئەیلولی وەك وادەی سازدانی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆی كوردستان دیاری كرد, ئەم ههنگاوهی هەرێمی كوردستان لە لایەن رۆشنبیران و نوسەران بەشێوە جیاجیا پێشوازی لێكرا, بۆ پالپشتی كردنی هەولەكانی ریفراندۆمی سهربهخۆی كوردستان نوسەرێك نامەیك ئاراستەی هاوڕێییانی لە سلێمانی دەكات”.
عادل باخەوان نوسەرو رۆشنبیر لە پێگەی تایبەتی خۆی له تۆڕی كۆمەلایەتی فیسبووك لە ژێر مانشێتی (هاورێیانی سلێمانی تكایە ئەم هەڵە مێژووییە مەكەن) نامەیەك ئاراستەی سلێمانی دەكات دەنوسێت” چەندین ساڵە گرفتی ئێمە لەگەڵ پارتیدا بریتیبوە لەوەی كە گومانمان لە ڕاستگۆیی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی كوردستان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا بووە. بۆ ئێمە دەوڵەتی كوردستان لەسەروی هەموو شتێكەوەبووە و لەسەروی هەموو شتێكەوەیە؛ لەسەروی حیزبەكان و سەركردەكان و تەنانەت ئایدۆلۆژیاكانیشەوەیە. ئێمە دەتوانین لەسەر هەموو شتێك ناكۆكبین و بۆچوونی جیاوازمان بێت، بەڵام سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەتی كوردستان ئەو هێڵە سورەیە كە هیچ كوردستانیەك مافی ئەوەی نیە بیبەزێنێت.
ئەم نوسەرە دەشنوێـ:” تۆ هەرچی دەبیت ببە، هەر چۆنێك دەبیت ببە، سەر بە هەر حیزب و ناوچە و ئاین و خێزان و ئایدۆلۆژیایەكیت، ئازادیت، بەڵام ناكرێت كوردستانی بیت و لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا نەبیت ! ”
عادڵ باخەوان دەشنوسێت:” هاوڕێیانی سلێمانی، گرفتی چەندین ساڵەی ئێمە لەگەڵ پارتیدا ئەوەبووە كە گومانمان هەبوە لە ڕاستگۆیی ئەو لەگەڵ ئەم پرسەدا، گەر ئێستا نەك بەرزانی لەهەولێر، بەڵكو كاكە حەمەی حاجی مەحمود لە گوڵە خانە، تەنها لە گوڵە خانە، سەربەخۆیی كوردستان ڕابەگەیەنێت، من یەكەم كەس دەبم كە دەبم بە هاوڵاتی دەوڵەتەكەی، لەوەش زیاتر، دەبم بەیەكەم پاسەوانی سەر سنورەكەی، دەبم بەو یەكەم ئاڵایەی كە لەبەر باڵەخانەكەیدا هەڵی دەكات، دەبم بە پۆستاڵی ئەو پێشمەرگەیەی كە یەكەم ئەی ڕەقیبی بۆ دەڵیت.
لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا هاتووە :” هاوڕێیانی سلێمانی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، تكایە ئەو هەڵەیە نەكەن كە دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان نەدەن لەبەر ئەوەی پارتی ئەندازیارەكەیەتی، بەڵكو بەپێچەوانەوە، هەموو كارتەكانی فشارتان بخەنە سەر پارتی، بۆئەوەی تاكۆتایی لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستاندا بڕوات.
هاوڕێیان، ئێمە بەبێ دەوڵەت تەنانەت مافی ئەوەشمان نیە لە نێو مێژووی بەشەریەتدا وەك كوردستانی بوونمان هەبێت! تەنها بژاردەیەك كە لە نێو مێژووی بەشەریەتدا هەمانبێت، ئامادەبوونمانە وەك عێراقی!! ئایا بەڕاستی كوردێك هەیە لەسەر گۆی وەزیدا بیەوێت وەك عێراقی داخڵ بە مێژوو ببێت ؟
ئەم رۆشنبیرەی دەشلێت:” هاڕێیانی سلێمانی، تكایە لەبیرتان نەچێت كە مام جەلال و كاك نەوشیروان، پێش كاك مەسعود و كاك نێچیر، دروشمی مافی چارەی خۆنوسین بۆ كوردستانیان بەرزكردەوە ! لەبیرتان نەچێت كە كۆمەڵ پێش پارتی، سەربەخۆیی كورستانی لە پرۆگرامی ناوخۆیدا جێگیركرد ! لەبیرتان نەچێت خەبات لەپێناوی دادی كۆمەڵایەتی، دێمۆكراسی، مافی مرۆڤ، …، بەبێ دەوڵەتێكی سەربەخۆ هیچ مانایەكی نیە.
عادل باخەوان لە كۆتایی نوسینەكەیدا دەلێت:” تۆ وەك كائینێكی سیاسی تەنها و تەنها و تەنها لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بوونت هەیە. كە دەوڵەتت نەبوو، ناتوانی باس لە خۆت وەك بوونێك لە نێو بوونەكانی دیكەدا بكەیت و لەسەر ئاستی جیهانیش تەنها و تەنها وەك قوربانیەك مامەڵەت لەگەڵدا دەكرێت. تكایە ئەو هەڵە مێژووییە مەكەن و دەنگبدەن بە سەربەخۆیی كوردستان. پاش دەوڵەت، ئیتر خەبات لەپێناوی دادی كۆمەڵایەتی، یەكسانی، مافەكانی مرۆڤ، دێمۆكراسی مانایەكی دەبێت. بەبێ دەوڵەت هەموو ئەم دروشمە جوانانە بێ مانان و هەرگیز جێبەجێ نابن. دەنگبدەن بە سەربەخۆیی كوردستان و پارتی ناچاربكەن كە نەتوانێت بەهیچ شێوەیەك و بەهیچ بیانویەكەوە، پاشەكشە لەم پرۆژەیە بكات”.