بارزانی باسی پێشێڵكردنی شەراكەت لەلایان حكومەتی عێراقەوە دەكات
خواكوڕك
لەمیانی پێشوازی كردنی باڵیۆزی تازەی ئەلەمانیا لە عێراق، بارزانی باسی مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ عێراق و ئەو نەهامەتییانەی لە ئەنجامی پێشێلكردنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراقی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە كردووە و هەروەها باسیش لە ئاییندەی گەلی كوردستان و عێراق و ڕێگەكانی كۆتاییهێنان بە گرفت و قەیرانەكان رونكردۆتەوە،
لە هەواڵێكدا كە ئەمڕۆ ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە فرانز جۆزێف كرێمپ باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە ماڵپەرەكە بڵاوی كردۆتەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ستاییشی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوە و سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی ئاگاداری ئەو تەحەدیاتە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەیە كە ڕووبەڕووی خەڵكی كوردستان بووە و وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتیی گەلی كوردستان و ئەڵمانیا ئەوەی خستەڕوو كە جالیەی كورد لە وڵاتەكەی زۆر بە باشی لەگەڵ كۆمەڵگەی ئەڵمانیا پێكەوە بەستراون و هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كوردستان قەیرانەكان بە زوویی و بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنێت.
هەر لە هەواڵەكە دا هاتووە، سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بوونە و هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا كاریگەریی باشی لە هاوكێشە سەربازییەكانی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستاندا هەبووە. ڕاشیگەیاند كە گەلی كوردستان گەلی ئەڵمانیا بە دۆستێكی نزیكی خۆی دەزانێت.
هەر لەم دیدارەدا باس لە شەڕی تیرۆریستان و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لە پێویستیی بوونی ڕێككەوتنێكی سیاسیی بەر لە ئازادكردنی موسڵ لەنێوان لایەنەكان كردەوە و، ئاماژەیشی بە پێكهاتەی دیموگرافیی پارێزگای نەینەوا دا و بە پێویستی زانی كە ماف و ئاییندەی پێكهاتەكان بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكان لەو پارێزگایە زامن بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی هەواڵەكەدا هاتووە لە كۆبونەوەكەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ عێراق و ئەو نەهامەتییانەی لە ئەنجامی پێشێلكردنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراقی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە. هەروەها باسیش لە ئاییندەی گەلی كوردستان و عێراق و ڕێگەكانی كۆتاییهێنان بە گرفت و قەیرانەكان كرا.