بارزانی لەگەڵ ئەمریكا باسی دەوڵەتی كوردستان دەكات

خواكوڕك
لەئەنجامی پێشوازی كردنی لە سێناتۆر كۆری بووكەر،بارزانی دەلێت كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستانە بە ئاشتیانە و بە دیالۆگ و لەپێناو ڕێگەگرتن دەبێت لە قووڵتربوونی گرفتەكان و هەروەها بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و بووژانەوە و برایەتی دەبێت.
 
لەهەواڵێك دا كە لە مالپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كراوەتەوە ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سێناتۆر كۆری بووكەر ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە پارتی دیموكرات و ئەندامی لیژنەی ئاساییش و كاروباری حكوومەت لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گرووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازی.
 
هەر لە هەواڵی ماڵپەرەكەدا هاتووە، سێناتۆر كۆری بووكەر ستاییشی خۆڕاگریی و خەباتی گەلی كوردستان كرد و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگە و پێكەوەژیان و لەخۆبوردەیی و مامەڵەی باشیان لەگەڵ قەیرانە ئاڵۆزەكان ناوبانگێكی باشی لە جیهاندا هەیە و ئەوەی بە هۆكارێك زانی كە ئەمەریكا دۆستایەتیی گەلی كوردستان بكات. پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر هەبوو و سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی شەڕ و تەحەدیاتی ئابووری میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی و عێراق و جیهان شەڕی تیرۆری كردووە و ئەوە كارێكی مەزنە و جێگەی شانازیی هەموو لایەكە. بەڵێنیشی بە سەرۆك بارزانی دا كە گرفت و ئاواتەكاتی گەلی كوردستان بە خەڵكی ئەمەریكا بگەیێنێت و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دووپاتكردەوە.
 
بەپێی هەواڵەكە سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستانن و ئەوەی دووپات كردەوە كە هاوكاریی سەربازیی سوپای ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە كاریگەریی زۆری لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكان بووە و ڕایگەیاند هەماهەنگیی وردی نێوان سوپای ئەمەریكا و پێشمەرگە كارێكی نموونەیی هاوبەش و سەركەوتوو بووە و لە ئەنجامدا ئەفسانەی داعش تێكشكا بە بێ ئەوەی تەنانەت یەك شونی مەدەنیش بكرێتە ئامانج.
 
وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی گەلی كوردستان لە عێراق و ئەو كارەسات و نەهامەتیانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە ڕایگەیاند كە گەلەكەمان بڕوایەكی تەواویان بە پێكەوەژیان هەیە و كێشەی تاییفەگەری لە فەرهەنگی گەلەكەمان بوونی نییە و ناشبێتە تەڕەف لە ململانێی تاییفیی ناوچەكە. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر كێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان وەك ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی دەرگەی بەڕووی ئاوارەكان كردەوە و یارمەتیی داون و گلەیی ئەوەیشی كرد كە حكوومەتی عێراق لە ئاست كێشەی ئاوارەكان بەرپرسیارانە نەجووڵاوەتەوە و كۆمەڵگەی دەولیش لە یارمەتیدانی ئاوارەكان كەمتەرخەم بووە.
 
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، سەرۆك بارزانی باسی لە كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان ئاشتیانە و بە دیالۆگ و لەپێناو ڕێگەگرتن دەبێت لە قووڵتربوونی گرفتەكان و هەروەها بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و بووژانەوە و برایەتی دەبێت.
 
بەپێی هەواڵەكە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی كرد كە كۆتایی بە ئەركەكانی دێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و ماندووبوونی هەبوو و بە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستانی وەسف كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
 

131159059735967951

 

Back to top button