بارزانی: شەرعییەتی خەڵك لە شەرعییەتی هەموو هێزە سیاسییەكان گەورەترە

خواكوڕك
پرسی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا, زۆرترین قسەی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی كوردستان لەبارەوە دەكرێت, لە بارەی هەنگاوەكانی سەربەخۆیی كوردستان, سەرۆك بارزانی رایدەگەیەنێت كە:” هیچ پاشەكشێیەك لە پرسی سەربەخۆییدا نییە”
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند:”دەمانەوێت بە شێوەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و هێزە هەرێمییەكان سەربەخۆیی بەدەستبهێنین و نامانەوێت تووشی شەڕ بین،گوتیشی: چاوەڕێی ئەوە دەكەین دەنگی بەڵێ لە ریفراندۆم سەركەوێت،لە بارەی پرسی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانیشەوە گوتی: خەڵكی كەركووك چ بڕیارێك دەدەن لە ریفراندۆمدا پێویستە ئەو بڕیارە رێزی لێ بگیرێت.

سەرۆك بارزانی گوتیشی: گرنگترین ئامانجی ئێمە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەیە كە لە لایەن خەڵكەوە لە رێگەی ئاشتیانە و لە رێگەی دیالۆگەوە دەدرێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتی: گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی هەرێمی پێویستە دەستبەجێ دوای دەنگدان لە ریفراندۆم دەستپێبكات بۆ جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆم.

سەرۆك بارزانی حكومەتی عێراق بە پێشێلكردنی دەستوور تۆمەتبار كرد و گوتی: ئێمە چوارده ساڵە ئێمە گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی ببینە هاوبەشی راستەقینە لە عێراق و هەمیشە پێمان دەڵێن كاتەكە گونجاو نییە بۆ سەربەخۆیی و پرسیاری ئێمە ئەوەیە كەی گونجاوە.
هەروەها گوتی: پێویستە ئەو هەڵەیەی لە مێژوودا بەرامبەر خەڵكی ئێمە كراوە راستبكەینەوە. ئەوانەی دەڵێن سەربەخۆیی باش نییە، پرسیار ئێمە ئەوەیە بۆچی بۆ ئێمە باش نییە بەڵام بۆ ئێوە باشە.
سەبارەت بەو گومانانەی كە گوایە ریفراندۆم توندوتیژی لێدەكەوێتەوە، گوتی: شەرعییەتی خەڵك لە شەرعییەتی هەموو هێزە سیاسییەكان گەورەترە و من پێم وانییە خەڵكێك یان كەس و لایەنێك هەبن دژی رای جەماوەری كوردستان بێت ئەگەر بڕیاری خۆیاندا، لەوانەیە كەسانێك هەبن دژی ئەو پرۆسەیە بن، بەڵام ئێمە رێگریان لێدەكەین.
هەروەها گوتی: هەوڵدەدەین نیگەرانییەكانی وڵاتانی توركیا و عێراق و ئێران لەبەرچاو بگرین و ئێمە سەلماندمان كە فاكتەری سەقامگیرین، بۆیە ئەوەی لە رێی ریفراندۆم ئەنجامیدەدەین رێگرتنە لەو ناسەقامگیرییەی كە روودەدات و ئێمە دەمانەوێت لە داهاتوودا رێ لە هەر توندوتیژی و خوێنڕشتنێك بگرین.
بارزانی گوتیشی: دەوڵەتی كوردستان دڵنیایی تەواو بە پێكهاتە ئاینییەكانی وەك كریستیان و شەبەك و ئێزدی و كاكەییەكان دەدات، بە تایبەتیش كە هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنیان لە شەڕی داعش قوربانییەكی زۆری داوە.
لە بارەی شەڕی مووسڵیشەوە گوتی: بە بێ بوونی رێككەوتنی سیاسی و ئاشتەوایی پێكهاتەكان ناتوانرێت بوترێت لە شەڕی مووسڵ سەركەوتنی یەكجارەكی بەدەستهاتووە.
هەروەها گوتی: چەندجارێك هۆشداریمان داوەتە حكومەتی عێراق ئەگەر پلانێكی سیاسی و رێككەوتن نەبێت بارودۆخەكە گونجاو نابێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمیسیۆنێكی هەماهەنگی باڵا لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا درووستبووە بۆ هاوكاریكردنی بەرپرسانی مووسڵ بە مەبەستی دووبارە بنیاتنانەوەی شارەكە.
گوتیشی: گومانێكی زۆرم لەسەر داهاتووی مووسڵ هەیە، چونكە كەوتنی داعش لە مووسڵ مانای كۆتایهاتنی داعش نییە و ئەو فاكتەرانەی داعشیان هێناوەتە مووسڵ هێشتا نەگۆڕاوون و بۆیە هێشتا نیگەرانم لە قۆناغی دوای داعش لە مووسڵ، بەڵام هیوادارم من هەڵە بم.

Back to top button