محەمەد حاجی مەحمود: مەبەست لە سازدانی ریفراندۆمی 2005 ئاشكرادەكات

خواكوڕك

پرسی سازدانی ریفراندۆم لە ئێستادا زۆرترین قسەی لەبارەوە دەكرێت, كە بۆ جاری دووەمە لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم ئەنجامدەدرێت, سكرتێری حزبێكی كوردستانیش دەڵێت: ریفراندۆم ئەمجارە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ 12 ساڵ پێش ئێستا جیاوازە.
محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەبارەی ریفراندۆمی 2005 و ریفراندۆمی داهاتوو, گوتی: ئێستا بارودۆخەكە جیاوازە لەڕووی سیاسی و پشتیوانی نێودەوڵەتییەوە، ئەوەی ساڵی 2005 كرا بابەتێكی دەستكەوت و حزبی بوو ئەوە ناڕەسمی بوو، ئەوكاتە كورد داوای شتی لەبەغدا دەكردو ئەوان نەیاندەكرد، كاتێك كە راپرسیش كرا فایلەكانیان خستە ناو سێ چوار پیكابەوەو بردیان بۆ بەغدا، ئەوكاتە لەبەغدا گفتوگۆی چڕ لە ئارادابو هیچ دەستكەوتێكیان بە كورد نەدەدا، سەركردایەتی كورد پێیانوتن داوای جیابونەوە دەكەن و 98%ی دانیشوانی هەرێم دەنگیانداوە، كاتێك مەجلیسی حوكم كە هاتنە دەرەوە پیكابەكانیان بینی پڕە لە فایلی كورد بۆ جیابونەوە وتیان وەرن چیتان دەوێت با بۆتان بكەین و چونە ژورەوە جێگری سەرۆك وەزیران و حەوت وەزیرو وەزیری دەرەوەو بودجەی 17% و ژمارەیەك جێگر وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی و باڵیۆزیان دانێ، ئەوانەشی فایلەكانیان بردبو بۆ بەغدا ئیشیان پێیان نەماو نانی نیوەڕۆشیان نەدانێ ناردنیانەوە بۆ كوردستان.

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی: ئێستا ریفراندۆم لە هەلومەرجێكی تردایە گۆڕانكاری گەورە رویداوە، نابێت بگەڕێینەوە بۆ پێش شەڕی داعش، ئەوكاتە هیچ وڵاتێك باسی نەكرد، ئەوەی ئێستا هێشتا نەكراوە لە ئەمریكاو ئەوروپاو دنیا باسدەكرێت، واتە گرنگییەكی تایبەتی هەیە، من پێم باشەچەند رۆژێك پێش بخرێت لە 25-9ـەوە بخرێتە 23-9 .

Back to top button