بارزانی: گەلی كوردستان نایەوێت چیتر پاشكۆ بێت
خواكوڕك
سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی رێكخراوی نێودەوڵەتیی (شاندێك بۆ گفتوگۆ) كۆبۆوە.
رۆژی پێنجشەممە 6ـی 7ـی 2017 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك لە ئەندامانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی (شاندێك بۆ گفتوگۆ) كرد.
شاندەكە پێكهاتبوو لە قوتابی و توێژەرانی بواری زانستی و فەلسەفەی سیاسیی لە وڵاتانی ئەوروپا.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە وردی ئەو هۆكارانەی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە شیكردەوە، كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
هەروەها رۆشنایی خستەسەر مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی كە لە لایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقی بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجامدراون.
لەو چوارچێوەیەدا سەرۆك بارزانی رایگەیاند، كە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی گەلی كوردستان و عێراق بنیاتنرا، بەڵام ئەو شەراكەتە پێشێلكراو بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە ئەنفال و جینۆساید و وێرانكاری و كیمیایباران بووە و لە قۆناغی دوای 2003ـیش گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە بڕیاری دا كە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق یەك بگرێتەوە و ڕۆڵێكی سەرەكی بینی لە بنیاتنانەوەی عێراق و نووسینەوەی دەستوور بۆ عێراقی فیدراڵی و دیموكراتی، بەڵام بەداخەوە دەستوور پێشێل كرا و كار گەییشتە بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان و تەنانەت شیری منداڵانی كوردستانیش.
لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بە پێچەوانەی رێككەوتنەكان پێشمەرگە كە بەشێك بوو لە سیستەمی بەرگریی عێراق، لە لایەن حكوومەتی عێراقی ئابڵوقەی خرایە سەر و لە سەرەتای شەڕی داعشدا پێشمەرگە چەكی نەبوو بەرگریی لە كوردستان بكات. سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوكاریی وڵاتانی هاوپەیمانی كرد و ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی ئەفسانەی داعشی تێكشكاند.
سەبارەت بە ئایندەی كوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە مادام پڕەنسیبی شەراكەت و دەستوور پێشێل كراوە گەلی كوردستان نایەوێ چیتر پاشكۆ و ژێردەست بێت و بكەوێتە نێو بازنەی بێكۆتایی شەڕ و توندوتیژی و ئەزموونی شكستخواردووی سەد ساڵی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوەكردەوە، كە ویست و داواكارییەكانی گەلی كوردستان لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و دوور لە توندوتیژی پیادە دەكرێت و ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ڕێگە لە قووڵتربوونی گرفتەكان و شەڕی دیكە دەگرێت و دەمانەوێ بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێكانمان و گەلانی ناوچەكە بژیین.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا قوتابی و توێژەرە بەشداربووەكان چەند پرسیارێكیان لەبارەی سیستەمی سیاسی و ڕیفراندۆم و ئەگەر و پێشهاتەكان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە و پەیوەست بە چارەنووس و مافی پێكهاتەكان سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە گەرەنتییەكی تەواو دەدەین كە كوردستان ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و پێكهاتەكان هەر چۆنێك بیانەوێ و بە چی دڵنیا دەبن، بەمشێوەیە لەگەڵیاندا دەژین.
لەبارەی ناوچە دابڕێندراوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە حكوومەتی عێراق جێبەجێكردنی مادەی 140 پشتگوێ خست و ئێستایش دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەو مافەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بەشداری لە ڕیفراندۆم دەكەن و پێویستە هەموو لایەكیش ڕێزی ئەو بڕیارە بگرن.