ناپاكی و نیشتمانپەروەی
حەمە سەعید حەسەن
ناپاكی ئەوەیە، دەنگ بدەین بەوەی، حەشدی شەعبی هێزێكی نیشتمانی و نیزامییە، بەڵام پێشمەرگە بە هێزێكی حیزبی و غەیرە نیزامی بزانین، وەك لە سێ ساڵی ڕابردوودا پێشمەرگە داكۆكیی لە حیزب كردبێت، نەك لە كوردستان.
ناپاكی ئەوەیە، لە كەناڵی داگیركارانەوە، پەلاماری وەتەن بدەین.
ناپاكی ئەوەیە، بڵێین چونكە وەڵاتانی داگیركار دژی سەربەخۆییی كوردستانن، نابێت ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە بكەین.
ناپاكی ئەوەیە بڵێین، چونكە مالیكی، حەكیم و سەدر پشتگیریمان ناكەن، پێویستە لەگەڵ یەكپارچەییی خاكی عێراقدا بین.
ناپاكی ئەوەیە بڵێین، چونكە توركیا و ئێرانی دراوسێ لەگەڵ گشتپرسیدا نیین، پێویست ناكات سەرچڵیی بكەین، وەك ئەو دوو وەڵاتە كرێچی بن و بەمزووانە بگوێزنەوە! وەك ئومێدی ئەوە هەبێت، لە داهاتوویەكی نزیك یان تەنانەت دووریشدا، لە قازانجی كورد، گۆڕان لە تێڕوانینی ئەو دوو دەوڵەتەدا ڕوو بدات.
ناپاكی ئەوەیە بڵێین، چونكە نە كارەبای بیستوچوار سەعاتیمان هەیە، نە مووچەی تەواو، بۆیە نابێت بیر لە سەربەخۆیی بكەینەوە.
ناپاكی ئەوەیە بڵێین: چونكە پەرلەمان داخراوە، ئیدی پاشكۆیەتی چاكترە لە ئازادی، وەك پەرلەمان بێجگە لەوەی بار بووە بەسەر شانی بوودجەوە، هیچ ڕۆڵێكی دیكەی هەبووبێت.
ناپاكی ئەوەیە بڵێین، چونكە سیستەمی حوكم لە كوردستانی سەربەخۆدا سوڵتانی دەبێت، بۆیە هەر ژێر
چەپۆكەی شیعە و سوننە بین، باشترە.
ناپاكی ئەوەیە بڵێین، چونكە بارزانی بڕوای بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات نییە، بۆیە ژێردەستی باشترە لە سەربەستی.
ناپاكی ئەوەیە بڵێین، چونكە خاوەنی پرۆژەی ڕیفراندۆم، سەرۆكی حیزبێكی بنەماڵەیی و گەندەڵكارە، بۆیە مانەوە لە قەفەزی ئاگرینی عێراقدا بۆ كورد باشترە.
ناپاكی ئەوەیە، باسی سەربەخۆیی بكەین و سەركۆماری عێراق كورد بێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیان كوردی تێدا بێت و چەندان وەزارەت و پۆستی باڵا لای كورد بن.
نیشتمانپەروەری ئەوەیە، لە ئەورووپاوە بەڕێ بكەوین بۆ گەرمیان، بۆ ئەوەی لەوێ بە كەسوكاری ئەنفالكراوان بڵێین: نەخێر بۆ كوردستانی سەربەخۆ، بەڵێ بۆ عێراقی ئەنفال.
٦ی ٧ی ٢٠١٧