بەرپرسی لقی 3ی كەركوك: بارزانی پشتیوانی لە كەیسی رێبوار تاڵەبانی دەكات
خواكوڕك
بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك رایگەیاند كە بارزانی خۆی لە نزیكەوە و لە ڕێگەی نوێنەری تایبەتی خۆیەوە، پەیوەندیی بە رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە كردووە و پشتگیریی خۆی بۆ كەیسەكەی دوپاتكردووەتەوە.
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركوك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: ”هەر لە سەرەتای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق چەند بڕیارێكیان لە دژی دەركرد، هەر لە سەرەتاوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر خەت بووە لە دژی ئەو بڕیارانە و پشتگیریی مانەوەی ئەو ئاڵایەمان كردووە بە هەموو شێوەیەك.”
وتیشی: “بەم دواییەش هەندێك لە ئەندامانی بەرەی توركمانی و شیعەی توركمان لە كەركووك سكاڵایان لەسەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت لەسەر ئەم بابەتە تۆمار كردووە، ئێمەش وەك پارتی لە كەركوك لەسەر خەت بووین لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی”.
بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركوك ئاشكرایشی كرد: بارزانی، خۆی لە نزیكەوە لە ڕێی نوێنەری تایبەتی خۆی، (هێمن هەورامی) پەیوەندیی بە رێبوار تاڵەبانییەوە كردووە و پشتگیریی خۆی بۆ كەیسەكەی دووپات كردووەتەوە. راشگەیاند: “لەگەڵ هەڤاڵانی لقی پێنجی بەغدای پارتیش قسەمان كردووە و ئەوانیش لەسەر بڕیاری نوسینگەی سەرۆك بارزانی پارێزەریان بۆ كەیسەكەی رێبوار تاڵەبانی دابین كردووە.”
د. محەمەد خورشید جەختیشی كردەوە: ”دۆسییەكە بە دۆسییەی خۆمان دەزانین و ئێمەی پارتی بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە رێبوار تاڵەبانی دەكەین، چونكە ئەمە بابەتێكی نیشتمانییە و بە هیچ شێوەیەك لێی پاشگەز نابینەوە.”
رۆژی 28ی ئازاری 2017/ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بڕیار درا كە ئاڵای كوردستان لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكانی پارێزگای كەركوك هەڵبكرێت.
لە دژی ئەم هەنگاوەش چەند لایەنێك سكاڵایان لەسەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت تۆماركرد و بڕیاربوو لە 3ی تەمموزی 2017، رێبوار تاڵەبانی، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك دادگایی بكرێت بەڵام دادگایی كردنەكە بۆ 24ی ئەم مانگە دواخرا.