مەریوان و هاوڕێیانی (ڕۆشنبیر یان ڕەشبیر)

 
ئاسۆ حاجی
 
ئەگەر مەریوان وریا قانع یان ئاڕاز فەتاحی هاوبیر یان ئەوانە لە ئەوڕوپاوە بە پاسپۆرت و وەک هاوڵاتی وڵاتێکی بیانی و شانازی گۆڕینی ڕەگەزەکەیان بۆ نەتەوەیەکی تر ڕاست دەکەن با جورئەت بکەن و پاسپۆرتەکەیان بدڕێنن و پێش گەرمیانی و هەڵەبجەیەکان عێڕاقی بوونی خۆیان ڕابگەینی، نەک وەک چەند ساڵە لە پەنای وشە و دەستەواژەی ڕۆمانسی لەسەر حیسابی ئەو خەڵکە هەژارە دانیشتنی ئێوارانیان خۆشتر و ڕازاوەتر بکەن و لە پشت ناونیشانی ڕۆشنبیری خۆیان زیاتر هەڵبکێشن و ببنە دەمڕاست و ماف بەخۆیان بدەن لە جیاتی خەڵکیش بیر بکەنەوە و بڕیار بدەن.
بەڕاستی پێم سەیرە ئەوانەی بیست و شەش ساڵە ڕەنجی بەری گەرمیانی و هەڵەبجەیی و سلێمانی و ڕانیە و قەڵادزەیی لە بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و بنەماڵەکانیان لە گەورەکردنی کۆمپانیاکانیان و بڵندتر کردنی باڵەخانەکانیان شاباش دەکەن،ئێستا بوونەتە دادە و یا شێخ و باوکی هەژاران و شازادە و مامی گچکە و گەورە و فریادڕەس و محەمەدی مەهدی و کەسانێکیش دەروێشانە حیساباتەکانیان لەسەر هەولێر و پارتی بۆ تەسفیە دەکەن.
دەبی مەریوان و جەماعەتەکەی لە ئەکڕادانی مالیکی ئەوە نەزانن ،بیست و شەش ساڵە پارتی لەو دەڤەرەی تۆ خەڵکی لە دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی و ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لێ هان دەدەی،پارتی ئەوەشی بەدەست نەبووە خەتێک لەسەر شانی پۆلیسێک زیاد بکە.
ئەوە یەکێتی و گۆڕانن کە دەورەکانیان دابەش کردووە و وەک فیلمە پۆلیسیەکانی هۆلیود ڕۆڵی پۆلیسی باش و ئەوەی دیکیەیان ڕۆڵی پۆلیسی خراپ لە ئیدارەکردنی کەیسەکان بگێڕێ و دواتر ڕۆڵەکانیان دەگۆڕنەوە بەڵام تاوانبار و قوربانی هەر یەکە ئەویش خەڵکی هەژار و بەدبەخت و قوربانی دەری ئەو دەڤەرانەیە. ئەگەر پیاوی خاسی و ڕۆشبیری و جورئەتی گووتنت هەیە،دە جارێک ددان بەوحەقیقەتە بنێن و چیتر مەهێڵن خەڵکی هەژار لە ڕۆڵی قوربانی بەردەوام بن، جارێک ئەو خەڵکە هان بدەن با جارێک ببنە پۆلیس و با ئەوانەی پارەی وشکە ساڵیان لە گردەکە خەرج کرد و ئەوانەی بۆ دە ساڵ زیاترە نەوتی کەرکوک بە تانکەر ئاوا دەکەن و ئەوانەش کە پارەی دەروازە سنووریەکان لە خەزێنەی حزب گل دەدەنەوە،ئەوانەش کە بە دەیان دۆنم زەویان لە ناوەڕاستی سلێمانی لەسەرخۆ تاپۆ کردووە جارێک ڕۆلی تاوانبار یان گومانلێکراوەکە بگێڕن.
هیچ نەبێ ئەوەندە بۆ خۆتان بکەن ئەگەر دڵیشتان بەخەڵک ناسوتێ، با خەڵک بتوانێ ڕۆشنبیر و ڕەشبیر لە یەک جیا بکاتەوە، چونکە بەڕاستی منیش نازانم ئێوە کامەیانن؟ ڕۆشنبیر یان ڕەشبیر.
Back to top button