بێستوون فایەق:داوای وتوێژی راستەوخۆی نێوان پارتی‌و گۆڕان دەكات

خواكوڕك
پەرلەمانتارێكی گۆران لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پۆستەكەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان پێویستە گۆڕان و پارتی راستەوخۆ لەسەر پرسەكانی دیكە دەست بە گفتوگۆ بكەن.
بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بابەتێكی لەسەر پرسی گەڕانةوەی یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆستەكەی نوسیوە دەڵێت: “هەنگاوی یەكەمی چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان بە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەست پێدەكات، گەڕانەوەی بێ مەرجی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر سەرەتا و دەسپێكە بۆ بەلاداخستنی ئەم دۆخە خراپەی كوردستان وكەمێك لەو نائومیدی و دۆخە دەرونیەی ئێستای هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی‌ كەم دەكاتەوە، چوونەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئۆفیسەكەی لە هەولێر و دەستپێكردنەوەی كاری پەرلەمانی لە كۆبونەوەی لیژنەكان و چاودێری و بەدواداچوونی كێشەی هاوڵاتیان و جموجۆڵی ئەندامانی پەرلەمان هەنگاوی باش دەبن بەڵام كوتایی هەموو كێشە و ناكۆكیەكان نابێت”.
ئەو ئەندامەی بزووتنەوەی گۆڕان نوسیویەتیش:” هاوكێشەی سیاسی كوردستان ئێستا لە بارێكدایە كە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بە ئاسانی ‌رێژەی یاسایی كۆبوونەوەی پەرلەمان تەواو نابێت هەروەك چۆن دووساڵ لەمەوپێش بۆ دانیشتنی دووەمی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رێژەی یاسایی كۆبونەوەكە تەواو نەبوو دواتریش لە دەرەوەی هەولێر نەتوانرا هیچ رێژەیەكی یاسایی بۆ كۆبونەوە دەستەبەربكرێت لە هەولێریش بۆ پارتی رێژەی یاسایی كۆنەكرایەوە كە دوای رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان دەیویست لە پەرلەمانەوە سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕێ، ئەمە سەرباری ئەوەی پرۆسەی یاسا دەركردنیش ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت كە پەسەندكردنی كۆتایی ئیمزای سەرۆكی هەرێمی پێویستە”.

لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا دەڵێت: “بۆیە ئێستا كاتی وتوێژی راستەوخۆی گۆڕان و پارتیە بۆ یەكلایەكردنەوەی زۆرێك لە كێشەكان , دواجاریش پێویستە ئەوەی گۆڕان و پارتی و لایەنەكانی تر لەسەری رێكدەكەون بەتایبەت جۆری سیستمی سیاسی كە زۆرینە لە گەڵ پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆكن لە نێو پەرلەمان لە دەستووردا بچەسپینرێت و هەموارو نووسینی دەستووری كوردستان كۆتایی پێ بهێنرێت كە لە بنەڕەتدا بەشی زۆری كێشە سەرەكیەكانی كوردستان دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی دەستوور، ئەگەر لە دەستووردا سیستمی سیاسی و جۆرو ماوەو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت ئەوا چوارچێوەكە دیارەو ئەو گرفتانەی ئێستا كەمتر دەبن “.

 

Back to top button