رۆیتەرز: مۆدێلی حوكمڕانی ئیتیحادی لە عێراق شكستی هێناوە

خواكوڕك
ئێستا عێراق بەدەست ململانێی توندی تائیفی و دەنالێنێت, بەتایبەت كە لە سەرووبەندی كۆنتڕۆلكردنەوەی دووەم گەورەترین شاری عێراقن و هێزە سەربازیەكانی دابەشی سەرچەند پێگەیەكی تائیفی بوونە, لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ململانێكان لە بارەی داهاتووی عێراق، كۆتاییان نەهاتووە و هیچ پلانێكیش بۆ بەڕێوەبردنی مووسڵ نییە لە دوای داعش.

ئاژانسی رۆیتەرزی لە راپۆرتێكیدا لە بارەی دۆخی عێراق بڵاوی كردۆتەوە, دەلێت:” مۆدێلی دەسەڵاتی ناوەندی “ئیتیحادی”، كە دەسەڵات لە عێراق بەسەر پێكهاتەكانی شیعە، سوونە و كورد دابەشكران ولەلایەنی بەریتانیا و ئەمەریكاوە سەرپەرشتی كرا، شكستی هێناوە و عێراق بە شەپۆلێكی ململانێی توندی تایەفیدا رەتبوو، هەوڵەكانی كوردیش بۆ سەربەخۆیی، وایكردووە یەكچارچەیی عێراق ببێتە خەون.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی رۆیتەرز هاتووە, یەكێك لە ئاستەنگەكانی دوای جەنگ، داهاتووی مووسڵە، كە سێ ساڵی بەدەست فەرمانڕەوایی داعش ناڵاندوویەتی، لە كاتی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكەش، مووسڵ بە تەواوەتی وێران بووە و هەزاران كەس كوژران و نزیكەی ملیۆنێك دانیشتووی شارەكە، ئاوارەبوونە هەرچەندە پێشتر چەند جارێك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دووپاتی لەوە كردووەتەوە، پێویستە رێككەوتنی سیاسی بۆ مووسڵی دوای داعش هەبێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتەكەیدا بڵاویكردووەتەوە، هۆشیار زێباری، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی دیاری هەیە و پێشتر لە هەردوو پۆستی وەزیری دارایی و وەزیری دەرەوەی عێراق بووە، دەڵێت: “حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پرسەكە پشتگوێ دەخات و هەر جارێك باسی ئەو رێككەوتنە‌ی لەگەڵدا دەكەین، دەڵێت با چاوەڕێ بكەین تاكو پرۆسە سەربازییەكان كۆتاییان دێت”.

رۆیتەرز راشیگەیاندووە:” مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە رۆژی 25ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتە پرسێكی دیكەی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی باڵای هەرێم دووپات لەوە دەكەنەوە، بە رێگەی ئاشتەوایی و گفتوگۆ ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت”

بە گوێرەی رۆیتەرز، یەكێكی دیكە لە كێشەكانی داهاتووی ناوچەكە، جموجۆڵەكانی میلیشیا شیعەكانە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان دەكرێت و لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی كۆبوونەوەتەوە، بەناو حكوومەتی عێراق سەرپەرشتییان دەكات، بەڵام بە ویستی ئێران لە ناوچە كوردییەكان نزیك بوونەتەوە و بەرەو سنوورەكانی سووریا درێژدەبنەوە، ئەمەش بۆ دامەزراندنی رێڕەوێكی زەمینییە لە تارانەوە بەرەو بەیرووت.

لەم چوارچێوەیەدا، هەفتەی رابردوو، عەلی ئەكبەر ویلایەتی، گەورە راویژكاری ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: “ئەمڕۆ رێگەی بەرگری خێرا دەستپێدەكات، لە تارانەوە دەگاتە مووسڵ و لەوێشەوە بەرەو دیمەشق و بەیرووت”.

 

Back to top button