دەزگای لێكۆڵینەوەی سادات: ئیسرائیل پشتگیرییەكی تەواوی دەوڵەتی كوردستان دەكات
خواكوڕك
هەولەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆی لە ئێستادا بە شێوەی جیاجیا پێشوازی لێدەكرێت, ئەگەر چی چەند وڵاتێك تێبینیان لەسەر كاتی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی بە هەرێم گەیاندووە بەڵام لە بەرامبەردا چەندین وڵات پشتگیری ناراستەوخۆو ئیسرائیلیش پشتگیری راستەوخۆی لە دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات شارەزایەك لە دەزگای لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی (بەگین سادات) ئاشكرای دەكات كە حكوومەتی ئیسرائیل زۆر پێویستی بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان هەیە، بۆیە بە هەموو هێزیەوە پشتگیری لەو هەنگاوەی ئێستەی هەرێمی كوردستان دەكات.
ئێدا كۆین شارەزا لە دەزگای لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی (بەگین سادات)ی ئیسرائیلی، لە نووسینێكدا لەژێر ناوی (ئیسرائیل پێویستی بە دەوڵەتی كوردستانە) كە هاوكات لە بەشی توركی ماڵپەڕی (باسنیوز) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات كە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، هەنگاوێكی زۆر جییدیە بۆ ئەوەی كورد خەیاڵی 100 ساڵی خۆی بكاتە راستی. هەروەها ئەمجارەیان هەرێمی كوردستان زۆر جیدییە لە نزیكبوونەوە لە سەربەخۆیی.
كۆین جەنگی جیهانی یەكەم بەبیر خوێنەر دەهێنێتەوە و دەڵێ “دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، هێزە براوەكانی ئەو جەنگە بەڵێنی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانیان بەكورد دا، بەڵام بەڵێنەكەیان نەهێنایە دی، هۆكاری ئەوەی كە بەڵێنی دەوڵەتی كوردییان جێبەجێ نەكرد، موستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیا بوو”.
كۆین بە گوێرەی ئەو لێكۆڵینەوەیەی كردوویەتی، پێیوایە لەم چەند ساڵەی رابردوودا سعوودیە بە شێوەیەكی زۆر جیدی پشتگیری لە دەوڵەتی كوردی دەكات، هۆكارەكەیشی روونە دەیەوێت بە توركیا بڵێ تۆ چۆن هاوكاری قەتەر دەكەیت كە بەلای ئێمەوە تیرۆریستە، ئێمەش پشتگیری لە دەوڵەتی كوردستان دەكەین.
ئەو دەنووسێ “ئەگەر ئێستە ئیسرائیل چەند بێدەنگ بێت بەرامبەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هیچ گومانێكم نییە كە ئیسرائیل پشتگیرییەكی زۆر لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەكات. 3 ساڵ بەر لە ئێستەش بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی ئەگەر هەرێمی كوردستان دەوڵەت رابگەیەنێ ئیسرائیل پشتگیری دەكات”.
ئەو باسی لەوەش كردووە كە گرنگە ئیسرائیل بنكەیەكی سەربازی گەورە لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە ئەو كاتەی بووە دەوڵەت. هەروەها ئاماژەشی دا ئیسرائیل لە رووی ئیكۆنۆمی و لە رووی سەربازییەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات لە بەرژەوەندی خۆیەتی، چونكە دەتوانن ئەو گروپە تیرۆریستیانەی لە عێراق و سووریا سەریان هەڵداوە لاواز بكەن، یان لەناویان ببەن.
ئەو پێی وایە ئەگەرێكی زۆر بەهێز هەیە ئیسرائیل بنكەیەكی سەربازی گەورە لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، ئەو بنكە سەربازییەش دەوڵەتی كوردستان دەپارێزێ لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو كە دووچاری دەبێتەوە لە كاتی راگەیاندنی دەوڵەتدا.
هەروەها گرنگیشە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان راهێنانی باشی پێبكرێت لە لایەن ئیسرائیلەوە، چونكە ئەو هێزە پاڵپشتییەكی باش دەبێت بۆ لەناوبردنی هێزە تیرۆرستییەكانی ناوچەكە.