میدیاییەكی میسری: ئەمەریكا پشتیوانی سەرخستنی ڕێفراندۆم و دەوڵەتی كوردستانە

خواكوڕك

پرسی سازدانی ریفراندۆم بۆسەربەخۆیی كوردستان لە ئێستادا بووەتە مانشێتی میدیا عەرەبی و جیهانیەكان, پەیوەست بەم پرسە خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەم هەنگاوەی هەرێمی كوردستان دەكرێت, مالپەڕێكی میسڕیش رایدەگەیەنێت, مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی تەواوی وڵاتانی زلهێزی دنیا، بەتایبەت ئەمەریكای وەرگرتووە بۆیە دەستی بەهەنگاونان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كردووە.

پێگەی هەواڵی میسری لە بابەتێكدا نهێنیدا سووربوون و متمانەی تەواوی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر پاشەكشە نەكردن و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاشكرا دەكات و دەڵێ، بە دڵنیایییەوە كاتێك توركیا و ئێران و بەغدا ناڕەزایی دژی ڕیفراندۆم دەردەبڕن و بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەوا پێویستی بە لێكدانەوە هەیە و ئەو سووربوون و متمانەیە بێ هۆكار و لە خۆوە نییە.

پێگەی “ئەلبەدیل” نووسیویەتی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام بە متمانە بەخۆبوونێكی زۆرەوە دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەرفەتێكی مێژوویی هاتووەتە پێش، تا بۆ یەكەم جار دەوڵەتی كوردستان لە بەشێكی خاكی عێراق دروست بكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە عێراق لە ڕووی تەناهی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە دابەشبوونی گەورەی لێ دروست بووە.

ئاماژەی داوە، چاودێران و پسپۆڕان شرۆڤەی ئەو جموجۆڵە خێرایەی كوردەكانی عێراق بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆی و متمانەی سەرۆكەكەی، سەرەڕای ناڕەزایی هێزە ناوچەیی و ناوخۆیییەكان، بۆ یەك خاڵ دەگەڕێننەوە، ئەویش هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە لەلایەن ئەمەریكا و وڵاتانی زلهێزی دنیاوە، ئەمە تەنیا ئەمەریكاش ناگرێتەوە، بەڵكو ئەمەریكا یەكێكە لەو زلهێزانەی پشتیوانیان دەكات.

هەروەها دەڵێ، هەرچەندە ئەمەریكا لە لێدوان و ڕووكەشدا وا خۆی دەردەخات لەگەڵ ئەو هەنگاوەی كوردەكان نییە، بەڵام ئەمە تەنیا تاكتیكێكی سیاسییە و بەهیچ شێوەیەك حەقیقەتی هەڵوێستی ئەمەریكا نییە بەرامبەر بەو پرسە. پێشتر وەلید فارس ڕاوێژكاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ دووپاتی لەوە كردەوە، كە ئەمەریكا پشتیوانی لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات و پشتیوانی ڕیفراندۆمی كوردستانیش دەكات و پێشوازی لە ئەنجامەكەیشی دەكات، هاوكات ترەمپ لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیان جار دووپاتی كردەوە، كە پێویستە ئەمەریكا پشتیوانی تەواوی هەموو هاوپەیمانەكانی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان بكات و ناكرێ هیچ لایەكیان پەراوێز بخرێن و ناوی كوردیشی بە تایبەتی دەهێنا و پەسنی دەكردن.

ماڵپەڕەكە دەڵێ، كارێكی ئاسا نییە كوردستان و سەرۆكەكەی بەو متمانە زۆرەوە لە ناوچەیەكی وا ئاڵۆز و پڕ كێشە هەنگاوێكی وا بهاوێن، ئەگەر گۆڕانكاری لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ نەكرد بێ و گڵۆپی سەوز بۆ هەڵوەشانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵنەكرابێت، داڕێژەری نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە تەواوی ئەمەریكا لە پشتەوەیەتی و هەنگاو بە هەنگاو پلانەكانی جێبەجێ دەكات.

لە بەشێكی تردا هاتووە، هەڵوێستی ئەمەریكا تا ئێستە زۆر ڕوون نییە، ئەمەریكا بەهیچ شێوەیەك وەك توركیا و ئێران ناڕەزایەتی دژ بە ڕیفراندۆم ئەنجام نادات، ئەو دوو وڵاتە بە تەواوی هەڵوێستەكانیان ڕوونە و داوای پەشیمانبوونەوەی كوردستان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكەن، بەڵام بارزانی لە دوا دیداری لەگەڵ “ڕۆیتەرز” دووپاتی لەوە كردەوە، كە بەهیچ شێوەیەك گەڕانەوە بۆ دواوە نییە و لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت.

 

Back to top button