محەمەدی حاجی مەحمود: كوردستان دەبێتە دەوڵەتێكی نموونەیی
خواكوڕك
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە “گەلەكەمان لە پرسە چارەنووسسازەكاندا یەكدەنگ و یەكڕەنگن و، كوردستان دەبێتە دەوڵەتێكی نموونەیی ناوچەكە”.
محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە “گەلی كوردستان لەسەر بابەتە چارەنووسسازەكان یەكگرتوون و هیچ خیلافێكیان نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە ململانێی حزبییه” و نموونە بەوە دەهێنێتەوە كە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان وەك چۆن بۆ پاراستنی خاكی كوردستان بەرەوڕووی دوژمن بوونەوە، ئاوایش دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە بەڵی بۆ سەربەخۆییی نیشتیمانەكەیان دەدەن.
محەمەدی حاجی مەحمود دەربارەی دەستتێوەردانی وڵاتان لە كاروباری ناخۆی هەرێمی كوردستان وتی: “ئەگەر كەسانێك به وەكالەت ئیش بۆ وڵاتانی ئیقلیمی نەكەن، ئەوا هیچ وڵاتێك ناتوانێت دەست وەربداتە كاروباری ناوخۆی كوردستان”.
وتیشی: “جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەرمی نواندووە بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە من داوای لێ دەكەم بە حوكمی ئەوەی بەڕێزیان سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، نەرمیی زیاتر بنوێنێت، چونكە هەمووان ڕوویان لەوە، لە هەمان كاتدا دەبێت بڕیاریش لە چارەسەركردنی كێشەكان بدات”.
جەختیشی كردەوە لەوەی كە “هەمیشە لە كۆبوونەوە گرنگەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم كە ئەنجام دراون بۆ پرسە چارەنووسسازەكان، بەڕێز(بارزانی) وتویەتی، من پێم باشە هەموو حزبەكان بەشداری بكەن و قسەی خۆیان هەبێت لەسەر پرسەكان”.
محەمەدی حاجی مەحمود زۆر گەشبینە بە بەشداریی فراوانی خەڵكی باشووری كوردستان و دەنگدان بە سەربەخۆیی و دەڵێ “بە بۆچوونی من لە سەدا 85ی دەنگەكان به بەڵێ دەبن، بەڵام ئومێدەوارم لەو ڕێژەیەش زیاتر بهێنێت”.
ئەوەشی خستەڕوو كە “ئەو قسەڵۆكانەی لێرەولەوێ بازاڕیان بۆ گەرم دەكرێ كە گوایە خەڵكی سلێمانی وەك پێویست بەرەو ریفراندۆم هەنگاو نانێن، وا نییه؛ ئەوە دەنگی كەسانێكی حزبییه و دڵنیابن حزبەكان بە لایەنگرانیشیان بڵێن مەڕۆن بۆ دەنگدان، ئەوا پابەند نابن و دەنگ بە بەڵێ بە ریفراندۆم دەدەن”.
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە مەترسیی داخستنی سنوور لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە لە كاتی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا، وتی: “وڵاتان بەرژەوەندیی گەورەیان لەگەڵ كوردستاندا هەیە، هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووریییەوە بووەتە ناوچەیەكی ئابووری بەهێز بۆ ئەوان كە هەزاران كۆمپانیایان له كوردستانن، بۆیە هەرگیز ئەو هەنگاوە نانێن، ئەگەر ناشیان ئێمەی كورد پەكمان ناكەوێت و دەوڵەتی كوردستان دەبێتە دەوڵەتێكی نموونە لە ناوچەكە، هیچ كات ئەو قسەش ڕاست نییە كە دەڵێن كوردستان دەبێتە سۆماڵی دووەم، چونكە ئەوان هیچیان نەبووه بەس دەوڵەتیان هەبووه، بەڵام ئێمە خاك و ئاو و نەوت و پەیوەندیی فراوانمان لەگەڵ وڵاتانی دنیادا هەیه، بەڵام دەوڵەتمان نییە، بۆیە دڵنیام دەبینە دەوڵەتێكی بەهێزی نموونەیی بۆ ناوچەكە.”
راشیگەیاند كە “كەسانی ڕۆشنبیر لە هەموو دنیا لە پرسە چارەنووسسازەكاندا پشتگیریی گەلەكەیان كردووە، نەك وەك ئەمانەی ئێرە بگەڕێن بەدوای ئەوەی لەم دنیایە كەسێك بدۆزنەوە دژی سەربەخۆیی كوردستان بێت، هەڕەشە لە كەركوك و سلێمانی بكات و بڵێت دەسەڵاتم گرتەدەست ئەو ناوچانە دەخەمە ژێردەسەڵاتی خۆمەوە، كەچی ئەمان بیهێنن تەرجومەی بكەن و لە ڕاگەیاندنەكانی خۆیانەوە بڵاوی بكەنەوه!؛ به ڕاستی ئەوانە پێیان ناوترێت ڕۆشنبیر ئەوانە كوێرن. ڕۆیشتوون مەلایەك لەسودان وتویەتی جیابوونەوەی كورد له عێراق خەتەره، ئەمان دێن و تەرجومەی دەكەن و بڵاوی دەكەنەوە”.
محەمەدی حاجی مەحمود دەربارەی هەڵوێستی وڵاتانیش لەبارەی راپرسیی باشووری كوردستانەوە روونیكردەوە كە “لەگەڵ هەر وڵاتێك دانیشتووین دژی سەربەخۆیی و ریفراندۆم نەبونه؛ بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا كە نەیانوتووە دژی سەربەخۆیی كوردستانین، دواترین لێدوانی كۆشكی سپی دەڵێت، ئێمە لەگەڵ عێراقی یەكگرتووین، بەڵام ڕێز لە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەگرین لە ریفراندۆمدا”.
لەبارەی سیستمی سیاسیی باشووری كوردستانەوە پاش ریفراندۆم، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت: “پاش ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، باس لە سیستەمی سیاسیی دەكرێت، من خۆم لەگەڵ سیستەمی كۆماری دیموكراتیم و سەرۆك راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، هەر وەك وڵاتانی فەرەنسا و ئەمریكا كە نموونەیەكی سەركەوتوون، چونكە له هەڵبژاردنی سەرۆكدا پەرلەمان ناتوانێت، نوێنەرایەتیی تەواوی گەل بكات”.
وتیشی: “ئەو حزبانە كە دەڵێن دەبێت تەنیا پەرلەمان بڕیار لەسەر ڕیفراندۆم بدات، ئاساییە بۆ ڕیفراندۆم نەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری پەرلەمان، چونكە ڕیفراندۆم لە پەرلەمان گەورەترە و وابەستەی بڕیاری خەڵكه، خۆی پەرلەمان نوێنەرایەتیی دەنگی هەموو خەڵك ناكات، چونكە هەموو خەڵك بەشداری له دەنگدانی پەرلەمان نەكردووە”.
محەمەدی حاجی مەحمود پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی هێنایە بەر باس و رایگەیاند كە “حكومەتی عیراق وەزیر و جێگری سەرۆكوەزیران و سوپاسالاری عیراقی لابردووە كه پشكی كورد بوون، بودجەی هەرێمی بڕیوە، “ئەمانەی هەمووی به بەرنامە تەسفیه كرد، بۆیە هچ پەیوەندییەكی ئەوتۆ نەماوە كە ئێمە به بەغداوە ببەستێتەوە، ئەوەی هەیە پەیوەندییەكی ئاساییە لە نێوان ئەمریكییەكان و جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عیراقدا، ئەو پەیوەندیەش بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش گرنگ بوو، ئەگینا پەیوەندییەك نەماوه به ناوی شەراكەت لە حوكمڕانیدا لە نێوان عیراق و هەرێمی كوردستاندا”.