ئاسایشی سلێمانی وه‌ڵامی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح و سۆران عومه‌ر ده‌داته‌وه‌

خواكوڕك

ده‌سگیركردن و پاشان ئازادكردنی ئه‌ندامێكی پارتی له‌ سلێمانی كاردانه‌وه‌ی زۆری نووسه‌ر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی به‌دوای خۆی هێنا. ئه‌م كادیره‌ی پارتی تۆمه‌تی جۆراوجۆری له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نی سیاسی بۆ دروستكرابوو، كه‌ گوایه‌ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گرووپی مافیایی و كوشتن و رفاندن. دوای ئه‌و گوشاره‌ زۆره‌ی خرایه‌ سه‌ر ئاسایشی شاره‌كه‌، له‌باره‌ی پێدانی روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئازادكردنی ئه‌و كه‌سه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 17/8/2016 به‌فه‌رمی له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئاسایشی سلێمانی وه‌ڵامی ئه‌و گومانانه‌ی دایه‌وه‌. له‌راگه‌یاندراوه‌كه‌ هاتووه‌، “چەند کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆر بە بڕیاری دادوەر لە لایەن ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دەستگیرکران، یەکێک لەو دەستگیرکراوانە لە لێکۆڵینەوەدا ناوی (ئەیوب عوسمان عارف) ناسراو بە ئەیوەبە ریشه‌. بەبڕیاری دادوەر ئەیوب عوسمان عارف دەستگیرکرا، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەرکەوت ھیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە کە ھیچ تاوانێکی ئەنجامدابێت، لەبەر ئەوە بەبڕیاری دادوەر ئازادکرا”.

له‌سه‌روبه‌ندی ئازادكردنی ئه‌م كادیره‌ی پارتی، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ فه‌یسبووك، نووسینێكی به‌ناونیشانی “تاوان و نادادی، زوڵم و بێ ئیراده‌یی” بڵاوكرده‌وه‌. له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ناوبراو په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ كادیره‌كه‌ی پارتی درێژ ده‌كات و ده‌ڵێت: “ماوه‌یه‌که‌، ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی له‌ سلێمانی به‌ ناشرینترین شێوه‌ تیرۆرکراون، ئاسایش چه‌ندین به‌ڵگه‌ی له‌به‌رده‌سته‌ و پێنج به‌رپرسی باڵای ئاسایش لێکۆڵینه‌وه‌یان لێکردووه‌، چه‌ند که‌سێکیش به‌ تۆمه‌تی ئه‌م تاوانانه‌ ده‌ستگیرکرا، که‌ یه‌کێکیان ئه‌و کادیره‌ی پارتی بوو، که‌ ئه‌مڕۆ ئازادکرا”. ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌یه‌كی بچووكیشی نه‌خسۆته‌ڕوو.

هه‌روه‌ها سۆران عومه‌ر سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافی مرۆڤ و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان – كۆمه‌ڵ، له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له‌ نووسینێكدا له‌سه‌ر كه‌یسی ئه‌یوبه‌ ریشه‌ ده‌نووسێت: “پێویسته‌ ڕونكردنه‌وه‌ بدرێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن كه‌سێك كه‌تۆمه‌تبار بێت به‌ چه‌ندین تاوانی كوشتن و ڕفاندن و سوتاندنی ئینسان و بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، پێنج شه‌مه‌ بگیرێ دوو شه‌مه‌ ئازاد ده‌كرێ! ئایا ئه‌م كه‌سه‌ له‌ژێر فشاری سه‌رۆكی پارتی و به‌رپرسانی باڵای ئه‌و حزبه‌ ئازاد كراوه‌؟”

لێدوانی ئه‌م دوو ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان زۆرترین‌ هه‌ڵوێستی له‌باره‌وه‌ وه‌رگیرا، به‌لای زۆرێك له‌ چاڵاكوانانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دەلێن، ناكرێ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكه‌، لایه‌نگیرانه‌ و بێ به‌ڵگه‌ هاوڵاتیان تۆمه‌تبار بكات. به‌شێكیتر له‌ شاره‌زایانی یاسایی پێیانوایه‌ ناوزراندن و تۆمه‌تباركردنی بێ بنه‌ما به‌شێكه‌ له‌ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ركه‌سایه‌تی ئه‌و كه‌سه‌، بۆیه‌ ئاساییه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌دادگا سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌م دوو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ تۆمار بكات چونكە ئەوەی لەلایان سۆران و عەلی حمە ساڵح كرا تۆمەتبارێكی مەترسیدارە.

Back to top button