سەركردەیەكی توركیا: ئیسرائیل نەخشەی دامەزراندنی كوردستانی گەورەی داڕشتووە

خواكوڕك
لە ئێستا پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان زۆرترین قسەو باسی لە بارەوە دەكرێت لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و دەرەوی كوردستان, سەرۆكی پارتی نیشتیمانی توركیا رایگەیاند ئێستە ئیسرائیل نەخشە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی گەورە دادەڕێژێ.
دۆگۆ برنتچیك لە میانی سەردانیدا بۆ تاران لەگەڵ عەلی ئەكبەر ویلایەتی سەرۆكی دەزگای لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە كۆمەڵگەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران كۆبووەتەوە و دواتر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە كە ئیسرائیل پلانێكی دارشتووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی كوردی، بەڵام برایانی كورد لە سووریا لەوە تێوەناگلێن.

سەرۆكی پارتی نیشتمانیی توركیا ئەوەشی گوتووە كە پەیوەندی نێوان ئێران و توركیا و ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا بەرەو ڕووی چەند رووداوێكی ئاڵۆز دەبنەوە و ئەمەریكا و ئیسرائیل هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی خاكی وڵاتانی ناوچەكە دروست دەكەن، لای خۆشیەوە ئیسرائیل نەخشە بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێكی تر بە ناونیشانی كوردستانی گەورە دادەڕێژێت.

دۆگۆ برنتچیك پێداگیری لەسەر ئەوەش كردووە كە ئەمەریكا و ئیسرائیل لەم پرۆژەیەدا سەرناكەون، روونیشی كردووەتەوە كە هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، پەیوەندییەكانی دۆستایەتیی ئێران و توركیا لە یەكتر نزیكتر دەكاتەوە و ئێرانیش بڕوا بە توركەكان دەكات و هەردوولاش سەقامگیری لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا پتەوتر دەكەن.

 

Back to top button