حاكم زاملی: مالیكی دیكتاتۆرە و هۆكاری سەرەكی كەوتنی مووسڵە

خواكوڕك
پرسی كەوتنی موسڵ و داگیر كردنی لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ ماوەی دووساڵ تا ئێستا لە لایەن بەشێك لە سەركردە عێراقەكان باسی لێوە دەكرێت, پێیان وایە كە دەبێت هەركەسێك هۆكاری كەوتنی موسڵ بێت دادگای بكرێت, سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، مالیكی بە دیكتاتۆر وەسف دەكات و ڕای دەگەیەنێت، كە لە دوو كابینەی پێشوودا جگە لە دیكتاتۆرییەت هیچی پێشكەش نەكردووە و هۆكاری سەرەكی كەوتنی مووسڵیشە.

حاكم زاملی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، هەروەها سەرۆكی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی لەهەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ لێكۆڵینەوەكردن لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ لە حوزەیرانی 2014 بەدەست داعش و هەڵاتنی سوپای عێراق، پێكهێنرا، لە نوێترین لێدوانی تەلەفزیۆنیدا، ڕای گەیاند :” دوو جۆر دیكتاتۆرییەت هەیە، دیكتاتۆرییەتی یاسا و دیكتاتۆرییەتی حاكم هەیە، ئێمە چیمان لە مالیكی دەستكەوت ؟”.

لە وەڵامی پێشكەشكارەكەدا كە ئایا نووری مالیكی، سەرۆكی پێشووی حكوومەت دیكتاتۆر بووە، بەجەختكردنەوەوە گوتی :” بەڵێ دیكتاتۆر بووە”.

بۆیە بە پێویستی دەزانێت، عێراق خاوەن دەسەڵاتدارێكی دادپەروەر بێت لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بێت، گوتیشی :” ئێمە وەكو ڕەوتی سەدر دوو جار مالیكیمان سەرخست بەو هیوایەی شتێك پێشكەش بەعێراق بكات، بەڵام لەهەردوو جارەكەدا شكستی هێنا و بەڵگەش كەوتنی مووسڵە”.

حاكم زاملی، كە سەرۆكایەتی لیژنە پەرلەمانییەكەی كرد، لە كۆتایی لێكۆڵینەوەكاندا ڕاپۆرتێكیان ئامادە كرد و تێیدا، مالیكی بەهۆكاری یەكەمی كەوتنی مووسڵ دانرا، بەڵام هەرچەندە ڕاپۆرتەكە درایە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە ئامانجی دادگاییكردنی ئەوانەی هۆكاربوون لە كەوتنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق، تائێستا هیچ لێپرسینەوەیەكیان لەگەڵدا نەكراوە.

Back to top button