نێچیرڤان بارزانی: لە بابەتی ڕیفراندۆمدا بە هیچ شێوەیەك دۆڕاو و براوە نییە! یان ئەوەتا هەموومان پێكەوە براوەین، یان هەموومان پێكەوە دۆڕاوین

خواكوڕك

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سیاسی و كەس و كار و هاوڕێیانی كۆچ كردوو مەراسیمی چڵەی ماتەمینی كەسایەتی سیاسی و سكرتێری پێشوتری حزبی شیوعی عێراقی عەزیز محەمەد بەڕێوەچوو, لە میانەی مەڕاسیمەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان, وتارێكی پێشكەش كرد وێڕای تیشك خستنە سەر خەباتی چەكداری و سیاسی كۆچ كردوو گوتیشی:” یەكێك بوو له خۆشەویستانی بارزانیی نەمر و هەردەم قسه ‌و هەڵوێستەكانی، لای جەنابی بارزانی بەهەند وەردەگیرا و حیسابی تایبەتی بۆ دەكرا”
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی وتارەكەی گوتیشی:” سەركەوتنەكانی پێشمەرگه و بەخشینی ئەو هەموو قوربانییه لەپێناو داكۆكیكردن له كوردستان و بگره له ‌سەقامگیریی جیهانیش، پێگەی گەلەكەمان و دۆزه ڕەواكەی بردۆته ئاستێكی باڵا و ئێمەی وەك میللەتێكی زیندووی دیموكراتخواز بردۆته سەر نەخشەی جیهان، بەڵام ئەو سەركەوتنەش كاتێك دەچێته خزمەتی ئامانجه ستراتیژییەكانمانەوە كە هەموومان بە گەرموگوڕی ڕوو بكەینه سندووقەكانی دەنگدان و به ‌بەڵێ ڕیفراندۆمێكی سەركەوتوانه ئەنجام بدەین بەرەو سەربەخۆییی یەكجاری، ئەمەش خەون و ئامانجی گەورەی مامۆستا عەزیز محەمەد و هەموو شەهیدانی كوردستان و ئەو خەباتگێڕانەیە كه ‌لەپێناو كوردستاندا گیانیان بەخشی و زەحمەتیان كێشاوە.

 

دەقی وتاری بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان:

ئامادەبووانی بەڕێز،

ئێوارەتان باش و هەموو لایەكتان بەخێر بێن..

به ئەرك و شانازی دەزانم كه ئەمڕۆ بەشداری له كۆڕی ماتەمینی مامۆستای گەوره ‌و كۆچكردوو مامۆستا عەزیز محەمەددا دەكەم. جارێكی دیكه هاوخەمیی خۆم بۆ سەركردایەتی و تێكۆشەرانی هەردوو حزبی شیووعیی كوردستان و عیراق و خانەواده سەربەرزەكەی مامۆستا عەزیز محەمەد و دۆست و هاوڕێیانی بەڕێزی دەردەبڕم.

بەڕێزان..

ساڵی 2015 داوام لێكرا تێگەیشتن و باری سەرنجم لەسەر مامۆستا عەزیز محەمەد دەرببڕم، ئەو كات به ناونیشانی “مامۆستا عەزیز محەمەد مایەی شانازیی هەموومانه” وتارێكم لەسەر بەڕێزیان نووسی. ئەوەی ئێستاش لێرەدا دەیڵێم، دووپاتكردنەوەیه لەو نووسینەم، چونكه وەك چۆن ئەوكات كه له ژیاندا بوو ئاوا لەو بەڕێزەم دەڕوانی، ئێستاش لای من و هەموو ئەو بەڕێزانەی ئەو دەناسن، یادی ئەو هەر به زیندوویی دەمێنێتەوه. ئەو كەسایەتییەكی سیاسی و نیشتمانپەروەرە و مێژووی خەباتی ئەو مرۆڤه ‌زیندوویی لەناو گەلەكەماندا دەمێنێتەوە.

مامۆستا عەزیز محەمەد به هەموو پێوەر و لێكدانەوەیەك پیاوێكی بەڕێزی وڵاتەكەمان بووە، زیاتر له (60) ساڵ لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و بەدەستهێنانی مافه نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەیدا، شانی خۆڕاگری و دڵسۆزی و ماندوونەبوونی دابووه بەر خەباتێكی سەخت و دژوار.

له ‌میانەی ئەو مێژووه دوورودرێژ و پڕ له سەروەریەیدا، له ‌سەرجەم وێستگەكانی تەمەنی خۆیدا وەك تێكۆشەرێكی بەئەزموون و مرۆڤدۆست، ئامادەییی خۆی له سەرزەمینی سیاسی و نیشتمانی و خەباتگێریدا سەلماند.

مامۆستا عەزیز محەمەد زیاتر له (29) ساڵ به ئیرادەیەكی بەرز و بەوپەڕی لێهاتووییەوە، ڕێبەرایەتیی دێرینترین حیزبی عیراقی كرد. لەو زەمەنه دوورودرێژ و پڕ له هەوراز و نشێوەشدا، سەرەڕای نواندنی هەموو جۆره دڵسۆزییەك بۆ حیزبه تێكۆشەرەكەی، به ‌شێوەیەكی بەردەوامیش خۆی به ‌خاوەن و پشتیوان و هاوكاری شۆڕش و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دەزانی و هەر ئەوەش وایكردبوو كه ئەو مرۆڤه تێكۆشەره لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق پێگەیەكی گەوره ‌و بەهێز بۆ خۆی دروست بكات و ببێته كەسایەتییەكی ڕێزدار و متمانەپێكراوی هەموو لایەك. بۆیه هەموو خەباتگێڕان و دیموكراتخوازانی عیراق و كوردستان گوێیان لێ دەگرت و قسه ‌و ئامۆژگاری و ڕەخنه ‌و تێبینیەكانی بەڕێزیان بەهەند وەردەگرت.

مامۆستا عەزیز محەمەد له ‌سەرجەم قۆناغه مێژوویییەكانی خەباتدا له ‌هەوڵ و كۆششدا بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لەگەڵ جووڵانەوەی نیشتمانی و دیموكراسیی عیراق له پەیوەندییەكی بەهێزدا بن و ئاراستەكردنی هەردوولا به قازانجی گەلانی عیراق و كوردستان له چوارچێوەی بەره ‌و كاری هاوبەشدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، بۆیه ئەگەر مێژووی عیراق و كوردستان لەو ڕووەوه بنووسرێتەوه و شیكردنەوەی زانستیانەی بۆ بكرێت، ڕۆڵی مامۆستا به ‌جوانترین شێوه دەردەكەوێت.

دیاره هەر ئەوەش وای كردبوو كه یەكێك بوو له خۆشەویستانی بارزانیی نەمر و هەردەم قسه ‌و هەڵوێستەكانی، لای جەنابی بارزانی بەهەند وەردەگیرا و حیسابی تایبەتی بۆ دەكرا. هەڵبەت ئەو ڕێز و پێزانینەی بارزانیی نەمر بۆ مامۆستا عەزیز محەمەد، دواتریش له ‌هەموو وێستگەكانی دوای كۆچی دواییی بارزانی، لای ئێمه هەر به پارێزراوی ماوەتەوه و بۆ هەمیشە هەروا دەمێنێتەوە.

هەمووشمان لەبیرمانه كە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، مامۆستای بەڕێز ڕۆڵێكی جوامێرانەی لە ئاشتبوونەی لایەنەكان لە شەڕی ناوخۆ و یەكخستنەوەی ناوماڵی كورددا گێڕا و جێپەنجەی ئەو بە پرۆسەی پێكهاتنەوە و ئاشتەواییی كوردستانەوە دیارە.

بۆ ڕێزگرتن له خەبات و تێكۆشان و ئەو ڕۆڵه گرنگەی مامۆستاش كه له خزمەتكردن به گەل و نیشتمان هەیبووه، ماوەیەك بەرله ئێستا سەرۆك مەسعوود بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمری پێ بەخشی و لەكاتی ڕێوەڕەسمی بەخشینەكەشدا، جەنابی سەرۆك ڕاشكاوانه پێی ڕاگەیاند “تۆ مامۆستا و براگەورەی من و هەموو لایەكی”.

بەڕێزان..

مامۆستا عەزیز محەمەد قسەیەكی جوانی هەبوو كه زۆر جار داكۆكی لێ دەكردەوه، ئەویش ئەوەبوو كه دەیگوت “ڕاستی بارێكی قورسه، هیچ كەس و حیزبێك بەتەنها ناتوانێت هەڵیبگرێت، مێژوو و ڕابردووی ئێمەش هەمووی هەر ڕاست نییه و هەڵه و كەموكوڕی زۆری تێدایە، بۆیه پێویستە هەموومان كه چۆن خۆمان به خاوەنی ڕاستییەكان دەزانین، بوێریی ئەوەشمان هەبێت دان به هەڵەكانی خۆماندا بنێین”.

بۆیه چۆن شانازی به سەروەری و ڕاستییەكانمانەوە دەكەین، ئاواش دەبێ به جورئەتەوه هەڵەكانی خۆمان ببینین و هەوڵی جددی بۆ چارەسەركردنیان بدەین. بەتایبەتیش له ئێستادا كه كوردستان به ‌قۆناغێكی یەكجار ناسك و هەستیاردا تێدەپەڕێت و بڕینی ئەو قۆناغەش به سەركەوتوویی، دڵسۆزی و كاركردن و توانا و كاری پێكەوەیی و هیممەتی هەموو لایەكی پێویسته.

ئەمڕۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگه قارەمانەكانی، به پشتگیریی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی توانی ئەفسانه و هێزی ترسناكی داعش تێك بشكێنێت و سەربەرزانه له شەڕێك بێته دەرێ كه هەموو جیهان دەستخۆشی و ئافەرینی لێ بكەن. سەركەوتنەكانی پێشمەرگه و بەخشینی ئەو هەموو قوربانییه لەپێناو داكۆكیكردن له كوردستان و بگره له ‌سەقامگیریی جیهانیش، پێگەی گەلەكەمان و دۆزه ڕەواكەی بردۆته ئاستێكی باڵا و ئێمەی وەك میللەتێكی زیندووی دیموكراتخواز بردۆته سەر نەخشەی جیهان، بەڵام ئەو سەركەوتنەش كاتێك دەچێته خزمەتی ئامانجه ستراتیژییەكانمانەوە كە هەموومان بە گەرموگوڕی ڕوو بكەینه سندووقەكانی دەنگدان و به ‌بەڵێ ڕیفراندۆمێكی سەركەوتوانه ئەنجام بدەین بەرەو سەربەخۆییی یەكجاری، ئەمەش خەون و ئامانجی گەورەی مامۆستا عەزیز محەمەد و هەموو شەهیدانی كوردستان و ئەو خەباتگێڕانەیە كه ‌لەپێناو كوردستاندا گیانیان بەخشی و زەحمەتیان كێشاوە.

ڕیفراندۆم كه مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە، موڵكی هیچ كەس و لایەن و حیزب و پێكهاتەیەك بەتەنها نییه، هی هەمووانە و كەس ناتوانێ خۆی بكاته تاقه خاوەنی ئەو مافه. موڵكی هەموو كوردستانییانه به هەموو پێكهاته نەتەوەیی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانییەوە. دەرفەتێكه بۆ ئەوەی به شێوەیەكی مەدەنی و دوور له توندوتیژی، دەنگی خەڵكی كوردستان بگاته هەموو جیهان كه سەربەخۆیی دەوێت و چیتر نایەوێت خەڵكی دیكه بڕیار لەسەر ئێستا و داهاتوو و چارەنووسی بدات. دەرفەتێكە بۆ ئەوەی به هەموو جیهان بڵێین كه ئێمه دەمانەوێت دۆزه ڕەواكەمان، مافه ڕەواكانمان به شێوەیەكی ئاشتیانه و له ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوه بەدەست بهێنین و وەك چۆن پێشتر سەلماندوومانه، دووبارە بیسەلمێنینەوە كە ئێمە فاكتەری ئارامی و سەقامگیرین له ناوچەكەدا‌.

سەرخستنی ڕیفراندۆم دەبێ ببێتە خاڵی كۆكەرەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتە‌ نەتەوەیی و ئاینییەكانی كوردستان، نابێت ببێتە هۆی پەرتەوازەیی و خاڵی ناكۆكی لەنێو لایەنەكان. لەمبارەیەوە دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان ئەركێكی نیشتمانیی گەورەیان لەسەر شانە كە دەبێ بە گیانێكی بەرپرسانە، كوردستانییان هان بدەن و گرنگیی سەركەوتنی ڕیفڕاندۆمیان بۆ ڕوون بكەنەوە. نابێت ڕاگەیاندن خەڵك لە ڕیفراندۆم سارد بكاتەوە!. زۆر بەداخەوە هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕن و بەو كارەی خۆیان ئاو بە ئاشی ناحەزانی كوردستاندا دەكەن.

بەڕێزان،

لە بابەتی ڕیفراندۆمدا بە هیچ شێوەیەك دۆڕاو و براوە نییە!. یان ئەوەتا هەموومان پێكەوە براوەین، یان هەموومان پێكەوە دۆڕاوین!. سەركەوتن و سەرنەكەوتنی ڕیفراندۆم پەیوەندی بە سەركەوتن و سەرنەكەوتنی تەنیا لایەنێك، یان حیزبێكی سیاسییەوە نییە. ڕیفراندۆم بابەتێك نییە كە تیایدا لایەنێك سەردەكەوێت و لایەنەكانی دیكە دەدۆڕێن، لە سەركەوتنی ڕیفراندۆمدا هەمووان سەركەوتوون، گەلی كوردستان بەگشتی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە سەركەوتووە، هەروەها پێچەوانەكەیشی ڕاستە. بۆیە چاوەڕێین هەمووان بەو گیان و تێڕوانین و تێگەیشتنەوە بچینە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و بڵێین: بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان.

لە كۆتاییدا دووباره سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی مامۆستا عەزیز محەمەد دەنێرین. یادی هەمیشه بەخێر.

ئێوەش به خێر بێن و هیوای ئێوارەیەكی ئارامتان بۆ دەخوازم.

Back to top button