ئەمریكا لەبەرامبەر خراپی مامەڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال هاتە دەنگ

خواكوڕك
دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری شنگاڵ, پێچەوانەی رێكەوتننامەی پێشمەرگەو سوپای عێراق هەنگاوی هەڵهێنا, ئەمریكا لە مامەڵەكانی ئەم دواییەی حەشدی شەعبی لە بەرامبەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری شنگال هاتە دەنگ.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ناسراو بە پێنتاگۆن هۆشداری دایە هێزەكانی حەشدی شەعبی و داوایكرد، ئەو هێزانە پابەندی فەرماندە سەربازییەكانی حكومەتی عێراق بن.

جێف دەیڤس، گوتەبێژەكەی پێنتاگۆن بە ئاماژەدان بەوەی مامەڵەكردن لەگەڵ رەوشی عێراق ئاسان نیە، هۆكارەكەی بۆ هەبوونی ئەو هەموو هێزە گەڕاندەوە كە لەو وڵاتەدان.

دەیڤس رایگەیاند، بەڵام فەرماندەیی شەڕی دژ بە داعش لە بەغداوە سەرۆكایەتی دەكرێت و دەبێت تەواوی ئەو هێزانەش كە لەم شەڕەدا بەشدار بن، ئەم راستیە بزانن و پێیەوە پابەند بن.

حەشدی شەعبی رۆژی 25-5-2017 لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “محەممەد رەسوڵڵا” هێرشیانكردە سەر چەند گوندێكی سنووری شنگال و 13 گوند و كۆمەڵگەی كوردی ئێزدی كۆنترۆڵكردووە، بەوەش هیچ شوێنێكی كوردانی ئێزدی لەژێر دەستی داعشدا نەماون.

جموجوڵەكانی حەشدی شەعبی ، نیگەرانی لای فەرماندیی پێشمەرگەی كوردستان دروستكردووە و لە رۆژی سێشەممە 30-5-2017 فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی لەبارەی رۆڵی حەشدی شەعبی لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری بڵاوكردەوە.

Back to top button