ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی: تا مەلا بەختیار لە پۆستەدا بێت یەكێتی بچوك دەبێتەوە

خواكوڕك

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە نامەیەكدا ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای حزبەكەی دەردەبڕێت و داوای لادانی مەلا بەختیار لە پۆستی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی حزبەكەی دەكات.

بەهرۆز گەڵاڵی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی لە نامەیەكدا كە ڕۆژی 9/7/2017 ئاراستەی چەند سەركردەیەكی باڵای نێو باڵەكەی خۆی لە یەكێتی كردووە, داوای كردووە بە هەموویان هەوڵی ئەوە بدەن كە دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح بگەڕێننەوە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ”لەگەڵ هێرۆ برایم ئەحمەد ڕێكیان بخەینەوە”. باسیشی لەوە كردووە كە یەكێتی بەرگەی ”ئینشیقاقێكی دیكە” ناگرێت و ئەگەر ڕووبدات، هێندەی دیكە حزبەكە پەرش و بڵاو دەبێت.

دەقی نامەكەی بەهرۆز گەلالی بڵاویكردەوتەوە:

هەڤاڵان سلاو
ئەو جارەش كڵاویان خستەوە سەر سەری ئەندامانی سەركردایەتی و بەشێك لە ئەندامانی م.س و بڕیارەكانی دوا كۆمیتەی سەركردایەتییان هەمدیس بە بەرچاوی هەمووتان خستەوە ناو تەنەكەی زبڵ و هێواش هێواش بڕیاری ئەڵیەتی خۆیان بەسەر یەكێتی دەسەپێنن، من ڕاشكاوانە دەڵێم:
١- هەوڵدەین بە هەموومان بەرهەم بێنینەوە و لەگەڵ هێرۆخان ڕێكیان بخەینەوە. من خۆم بڕوام وایە یەكێتی تەحەمولی ئینشقاقێكی تر ناكات و خوا نەخواستە ئەمە ڕووبدات هەندەی تر یەكێتی پەرش و بڵاو دەبێت.
٢- تا مەلا بەختیار مەسولی دەستەی كارگێڕێ بێت! یەكێتیی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو بچووكبوونەوە دەبات و ڕاوهەڵوێستی سەركردایەتیش بێبایەختر دەكات و بەكەیفی خۆی هەڵسوكەوت دەكات.
٣- ڕوون و ئاشكرایە چەند كەسێك لەناو م.س بە كەیفی خۆیان و بەرژەوەندییەكانیان بڕیار دەدەن. تەنیا ڕێگا ئەوەیە زوو بەپەلە لە جیاتی ئیمزا و ئیمزا كۆكردنەوە، داوای گۆڕینی دەستەی كارگێڕی بكەن و مەلا بەختیار زوو لادەن و دەستەكە بگۆڕن. چونكە مەلا یەكێتیی ناو یەكێتی تێكداوە. ئەویتر هەرچی بكەن هەمووی ئاسنی سارد دەكوتن و هیچ فایدەی نیە و ماندووبوونێكی بەلاش دەكەن.
٤- ئەگەر بە تەنگ ئەو داواكارییەش! نەهاتن. فەرموون وەرن زۆرینەی سەركردایەتی ئیستیقالە بكەن. ئەو كاتە ئەو مەكتەب سیاسییە شەرعییەتی بە تەواوی نامینێ و مەجبوور دەبن كۆنگرە بكەن. ئەگەر ئەوە نەكەین! بەردەوام یەكێتی بە ئیمتیازاتی ماددی و بەرژەوەندی شەخسی ڕادەكێشن بۆ چوارچێوەی سیاسەتی پارتی و ئیتر بە تەواوی سیاسەتێك نامینێ كە پێی بوترێ سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
من خۆم بەم سیاسەتەی ئێستای یەكێتی هیچ ڕازی نیم. وەزعی یەكێتی پێویستی بە چارەسەرێكی بنەڕەتی هەیە.

بەهرۆز
9/7/2017

Back to top button