گۆڕان و كۆمه‌ڵ بۆ دژایه‌تی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بیانووی زیاتر ده‌خه‌نه‌روو

خواكوڕك

ئه‌مرۆ 11ی 7ی 2017 شاندێكه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌گه‌ڵ گۆڕان كۆبوونه‌وه‌، پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یاندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه‌، له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا شه‌ش خاڵی تریان خستۆته‌ به‌رده‌م به‌شداری كردن له‌ رێفراندۆم، وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌”پێویستە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەرو هەمویانەوە پەرلەمانی کوردستان، بێ هیچ مەرجێک ئاسایی بکرێتەوەو کارەکانی خۆیان بێ هیچ لەمپەڕێک ئەنجام بدەن”.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا كۆمه‌ڵ و گۆڕان رایانگه‌یاندووه‌” مافی سەربەخۆیی گەلی کوردستان مافێکی سروشتی و رەوای خەڵکی کوردستانە، هه‌روه‌ها ده‌شلێن” ریفراندۆم هەنگاوێک بێ بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانەوە، بەڵام سەرنج و تێبینی جدیمان لەسەر رێکارو میکانیزم و ئامادەسازیەکانی ئێستا هەیە.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پێویستە گوزەران و بژێوی هاوڵاتیان باش بکرێ و سیستمی پاشەکەوت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە، هه‌روه‌ها له‌راگه‌یاندراوه‌كه‌ش دا ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌، كه‌ داوا ده‌كه‌ن بخرێته‌ پێش ریفراندۆم، یان له‌گه‌ڵ ریفراندۆم بكرێت، وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” هەڵبژاردنی گشتی لەکاتی خۆیدا بکرێ و ریفراندۆم بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێ، یا هەڵبژاردن و ریفراندۆم لەیەک کاتدا بکرێ”.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌ شه‌ش خاڵیه‌كه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ دا هاتووه‌، بەدیهێنانی ئاشتەوایی ناوخۆ و یەکدەنگی نیشتیمانی لەسەر پرسە چارەنوسسازو نیشتیمانییەکان لەڕێی وتووێژی نێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان.

Back to top button