مه‌لالا یوسفزای خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونه‌وه‌

خواكوڕك 

مه‌لالا یوسفزای خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و دامه‌زراوه‌ی مه‌لالا فه‌ند بۆ كاروباری خێرخوازی له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی به‌رز نرخاند.

 

ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (11-7-2017) نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خاتوو مه‌لالا یوسفزای‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و دامه‌زرێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی مه‌لالا فه‌ند بۆ كاروباری خێرخوازی و پشتگیری له‌ په‌روه‌رده‌ی ئافره‌تان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

 

له‌ دیدارێكدا خاتوو مه‌لالا خۆشحاڵیی خۆی به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ڕووبه‌ڕووی توندڕه‌وی بووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ نزیكه‌ی دوو ملیۆن په‌نابه‌ر و ئاواره‌ی ده‌ستی تیرۆر، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی به‌رز نرخاند و پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و پرۆگرامی ڕۆژانی داهاتووی كار و چالاكییه‌كانی له‌ كه‌مپه‌كان خسته‌ ڕوو كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و كچ و ئافره‌تانه‌ تیایدا گیرساونه‌ته‌وه‌‌ ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی بوونه‌ته‌وه.

 

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ی هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندندا هاوكاریی كچ و ئافره‌تانی كوردستان له‌ناو كه‌مپ و شاره‌كاندا بكات، كورته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی ئه‌و ئاسته‌نگ و گرفتانه‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ ڕووبه‌ڕووی خودی خۆی بوونه‌ته‌وه‌.

 

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی و ده‌ستخۆشی له‌ كار و چالاكییه‌كانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌روه‌ها بوێری و توانای خاتوو مه‌لالا یوسفزای‌ به‌رز نرخاند كه‌ وه‌ك كچێك له‌ژێر سیسته‌مێكی توندڕۆی دوور له‌ به‌ها مرۆییه‌كاندا توانی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ ببێته‌وه‌ و ده‌نگی ‌ملیۆنه‌ها كچی وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نێته‌ جیهان و ببێته‌ نمونه‌یه‌كی جوان و باڵیۆزێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ كاره‌كانیدا و پشتگیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك نیشان دا.

 

باسی له‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ش كرد كه‌ له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كچ و ئافره‌تانی ئێزدی و مه‌سیحی و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عیراق و كوردستان ئه‌نجام دراون كه‌‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی تا ئێستا زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌و كچ و ئافره‌تانه‌ ئازاد بكات ئه‌وانه‌ی‌ له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه‌ ڕفێنراون و له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕزگاركردنی ئه‌وانی دیكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ڕووی په‌روه‌رده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری فه‌راهه‌مكردنی په‌روه‌رده‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و دابینكردنی زمانی دایك بۆ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان.

 

پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی یه‌كسانی له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاواندا له‌ ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو و پشتگیریی ته‌واوی خۆی بۆ خاتوو مه‌لالا و ڕێكخراوه‌كه‌ی ده‌ربڕی و به‌ پێویستی زانی هه‌ماهه‌نگیی ڕێكخراوه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت و ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی ئه‌و خزمه‌نگوزارییانه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاواره و په‌نابه‌ره‌‌كان ده‌كرێن به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت تا ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان”.

Back to top button