کێ جێگرەوەی نەوشیروانە،کوڕەکەی یان کەسێکی دیکە؟

 
ئاسۆ حاجی
 
هەڵسواڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ناوخۆین زۆر بە شەرمنانە باس لە هەڵبژاردن و دیاریکردنی رێکخەرێکی نوێ و جێگرەوەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەکەن،چونکە ئەوان دەزانن ڕێکخەری نوێ نە دەبێتە نەوشیروان مستەفا و نە بە دەسەڵات و سەڵاحیاتی ئەو دەتوانێ بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوە ببا،چونکە نەوشیروان مستەفا دوو ساڵ بەر لە کۆچی دوایی کردنی ئەو پرسەی یەکلا کردۆتەوە بە گواستنەوەی مولکیەتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چیا نەوشیروان مستەفای کوڕە گچکەی لە ڕێی تۆمارکردنی مولکیەتی کۆمپانیای وشە کە بزووتنەوەی گۆڕان بە هەموو ئەو شتانەی هەیەتی لە پڕۆژە و سەرمایە و پشکەکانیان لە پڕۆژە وەبەرهێنەرەکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان.
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە سەرتای دروست بوون یەکێک لەو خاڵانەی لە ڕێگەیەوە خەڵکی بەلای خۆدا ڕاکێشا ئەوە بوو کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی جیابوونەوەیان لە یەکێتی ڕازی نەبوونیان بووە بەوەی یەکێتی ببێتە حزبی بنەماڵە و بکەوێتە دەست ژنەکەی یان کوڕەکانی تاڵەبانی، هەروەها وایان لە خەڵک گەیاندووە کە ڕک و کینە مێژوویەکەیان بەرامبەر پارتی بەهۆی سەرکردایەتی کردنی ئەو حزبەیە لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە، ئەوەش وایکردووە کە ئەدەبیات و قسە و لێدوانی سەرکردەکانی گۆڕان زۆربەی جار لەو ئاقارە دەسوڕێنەوە،هەر بۆیەشە نەوشیروان مستەفا و بەبێ دەنگی و بەشێوەیەکی یاسایی و گرێنتی کراو و بە دۆزینەوەی (حیلە شەرعیەک) کوڕەکەی لە جێگای خۆی داناوە و ئازادیشی بە ئەندامانی گۆڕان داوە هەر کەسێکی دیکە بۆ پۆستی ڕێکخەری هەڵبژێرن چونکە ئەو بەشیوەیەک ئەوەی ڕێکخستووە کە هەر کەسێک بێت لە بن دەست و فەرمانی کوڕەکەی بێت.
چیا نەوشیروان مستەفا هەر زوو دوای باوکی خۆی پێ رانەگیرا و وەک خاوەنی بزووتنەوەی گۆڕان خۆی نیشاندا کە لەگەڵ برایەکەی بۆ پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتی بە ناوی گۆڕان سەردانی ماڵی مام جەلالیان کرد و پیرۆزباییان لێکردن،ئێستاش چیا وەک بافێل تاڵەبانی کوڕە گەورەی مام جەلال لە هەموو کۆبوونەوە گرنگەکانی گۆڕان بەشداری دەکا و هەموو دارایی بزووتنەوەکەی لەلایە و خۆشی سەرپەرشتی کاروباری ژوورەکانی گۆڕان دەکات،لە کاتێکدا هیچ پۆستێکی ڕەسمی لە ناو گۆڕاندا نیە تەواو وەک کوڕەکەی مام جەلال،بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەگەر قسەی یەکەمیش لای ئەوان نەبێ بە دڵنیایەوە قسەی کۆتایی بۆ ئەوانە.
Back to top button