حدكا بەتووندی وەڵامی موراد قەرەیلان دەداتەوە

خواكوڕك

موراد قەرەیلان ئەندامی كۆنسەی بەرێوەبەرایەتی كۆماجڤاكی كوردستان “كەجەكە” لە لێدوانێكی دا بۆ میدیایەكی سەر بە حزبەكەی، شەڕی چەكداری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە دەستی عەرەبستانی سعودیا و توركیا ناوزەند دەكات، دەلێت دەبێت حدكا شەڕی چەكداری لەئێران رابگرێت، ئەو جۆرە چاڵاكیە رەت دەكاتەوە. لەبەرامبەر دا ئەندامێكی دەفتەری سیاسی حدكا بەتووندی وەڵامی دەداتەوە دەلێت لەشوێنێك كە خەباتی پەرلەمانی و سیاسی هەبێت خەباتی چەكداری جێگای گومانە نەك لەو شوێنەیی خەباتی پەرلەمانی و سیاسی نەبێت بەتایبەت بۆ كورد جوڵەی چەكداری جێگای گومان بێت،

 

موراد قەرەیلان هەروەها دەلێت لە سەر ئەساسی بارودۆخی ئێستا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەبێ چالاکیی کولتووری و مەدەنی پەرەی پێ بدرێ, دەست بۆ شەڕی چەكداری نەبردرێت.

هەروەها موراد قەرەیلان، دەلێت پێویستە لایانە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكەونە ژێر كاریگەری هیچ هێزێكی بیانی و بەتایبەتی عەرەبستانی سعودیا و توركیا.

پێشتریش بەرپرسانی باڵای ئێرانی چەندین لێدوانی هاوشێوەی موراد قەرەیلان داو و شەڕی چەكداری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیان، بە دەستی سعودیا چەند وڵاتێك زانی، تا ئاستی هەرەشە كردن لەهەرێمی كوردستان و تۆپباران كردنی هەرێمی كوردستان ئەو هەرەشانە بەردەوام بوون.

هەر لەو بارەیەوە، موحسین ڕەزایی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران، و سەرۆکی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا، باسی لەوە کردووە کە؛ حیزبی دێموکرات و بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی لە شاری هەولێر، بە نهێنی کۆبوونەتەوە.

عەلی شەمخانی، سکرتێری شوورای باڵای ئەمنیەتی ڕێژیم، لە دیدار لەگەڵ کەریم سنجاری وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان‌دا، نیگەرانیی خۆی لە چالاکییەکانی ئەم دوایانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قووڵایی خاکی ئێران دەربڕی، و گوتی: “جووڵەکانی “دژە شۆڕش”ە کلاسیکەکان، لە سنوورە هاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە پشتیوانیی تۆڕە سیخوڕییە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکانەوە بەڕێوە دەچێت”.
لەبەرامبەر ئەو لێدوانە، كەریم پەروێزی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەسەر قسەكانی موراد قەرەیلان بە خواكوڕكی راگەیاند شێوەی خەبات لەهەر بەشێكی كوردستان، ئەو بەشەی كوردستان دیاری دەكەن، چونكە ئەوان باشتر دەزانن چ جۆڕێك لە خەبات دژی رژێمە داگیركەرەكانی كوردستان بگرنەبەر و دەلێت تۆمەتەكانی رژێمە حاكمەكانی كوردستان لەزاری بەرپرسانی هەندێك حزبی كوردی ، جێگای قبوڵ كردن نیە.
هەروەها پەروێزی دەشلێت، نەتەوەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات لەژێر ناوی ” ڕاسان” هەڵقوڵاوی راستەقینەی نەتەوەی كوردە لە كوردستانی ئێران، هەر لەبەر ئەو هۆكارەشە كە تووند كردنەوەی رژێمی ئیسلامی ئێران لێكەوتۆتەوە، هەروەها دەلێت رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەپێچەوانەی توركیە ئیزنی هیچ خەباتێكی سیاسی و پەرلەمانی بەتایبەت بەكورد نادات، بۆیە ناتوانرێت لەو جێگایەی كە مەجاڵی چاڵاكی و پەرلەمانی و سیاسە هەیە، دەست بدرێتە خەباتی چەكداری، لەو شوێنەش خەباتی پەرلەمانی و سیاسی نەبێت خەباتی ئەو بەشە بە دەستی بێگانە بزانیت،

 

 

Back to top button