شێخ شامۆ: ڕیفراندۆم ئازار و مەینەتییەكانی پێكهاتەكان ساڕێژ دەكات
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی كوردستان لە ئێستادا لە هەوڵی ئامادەكاری سازدانی ریفراندۆمە بۆسەربەخۆی كە بۆ ئەم مەبەستە چەند كۆمیتەیەكی دروستكردووە بۆ گفتوگۆ لەبارەی ریفراندۆم لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دەرووبەرو كوردستان, ئەندامێكی لێژنەی باڵای ریفراندۆم كە لە ئێستادا لە ئەوروپایە ریدەگەیەنێت ڕیفراندۆم ئازار و مەینەتییەكانی پێكهاتەكان ساڕێژ دەكات.
شێخ شامۆ ئەندامی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، كە هاوكات نوێنەری كوردانی ئێزدی بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ”كوردانی ئێزدی هەموو هەوڵیك دەدەین بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم سەر بكەوێت، چونكە كوردانی ئێزدی بە درێژایی مێژوو هێج خۆشییەكیان لە عێراق نەدیوە و پاراستوو نەبوونە، لەبەر ئەوەش هەموو هەوڵیك دەدەین، كە ئەم پرسەی گەل سەر بكەوێت و ئەورووپاش پشتی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەگرێت.”
نوێنەری كوردانی ئێزدی لە كۆمیتەی ریفراندۆم گوتیشی: ”هەموو پێكهاتە كوردستانییەكان لە برۆكسل بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) دیاری دەكەین، كە تاكە چارەسەری ئێش و ئازارەكانی پێكهاتەكانی كوردستان بە گشتی و ئێزدییان بە تایبەتی سەركەوتنی ڕیفراندۆمە، بۆیە هەموو هەوڵێكی بۆ دەدەین تا پرۆسەكە سەركەوتوو بێت.”
لەبارەی پشتگری پەرلەمانی ئەورووپا بۆ ریفراندۆم شێخ شامۆ گوتی:””(سەرۆك بارزانی) پلانێكی باشی داڕشتووە بۆ ئەوەی دەوڵەتانی دنیا ڕازی بكات، كە پشتگیری لە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە كوردستان نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێك و دەبێتە پێگەیەكی بەهێز بۆ سەقامگیریی ئاشتی لە جیهاندا بۆیە پەرلەمانی ئەورووپایش پێشوازی لە ئەنجامی ریفراندۆمدا دەكەن.”