پنتاگۆن: فەیلەقی قودسی ئێران گەورەترین هۆكاری ناسەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

خواكوڕك
لەگەڵ پەلهاویشتن و دەست تێوەردانی سوپای قودسی ئێران لە كارووباری ناوخۆی چەند وڵاتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, ئەمریكا بۆ چەند جارێك ئێرانی ئاگاداركردۆتەوە, لە دواهەمین راپۆرتی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایدەگەیەنێت كە ئیچران بەتایبەت سوپای قودس سەرچاوەی نائارامیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

جەنەراڵ جۆزیف ڤۆتێل، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكا، رایگەیاند، هەڵسووكەوتەكانی ئێران لەناوچەكە، بەتایبەتیش فەیلەقی قودسی سەر بە گاردی كۆماری ئەو وڵاتە، گەورەترین هۆكاری ناسەقامگیری درێژخایەنن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڤۆتێل، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی “تامبا بای تایمز” گوتی: “هەژموونی ئێران لە ناوچەكە پێویستە بخرێتە ژێر چاودێری، پێشتریش من و كەسانی دیكەش، باسمان لەوە كردووە، ئێران گەورەترین هۆكاری تێكچوونی سەقامگیرییە لە ناوچەكە”.

ڤۆتێل گوتیشی: “پێویستە حكوومەتی تاران و گەلی ئێران لەیەك جیابكەینەوە، گەلی ئێران خاوەن فەرهەنگێكی دەوڵەمەندە و پێگەی خۆی لە ناوچەكە هەیە”.

هەروەها گوتی: “هەرچی حكوومەتی ئێران و هەڵسوكەوتەكانیەتی، بەتایبەتیش چالاكییەكانی فەیلەقی قودس لە ژێر فەرماندەیی قاسم سلێمانی، گەورەترین هۆكاری ناسەقامگیری درێژخایەنە لە ناوچەكە”.

بازنەی لێدوانە توندەكانی بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا، لە دژی چالاكییەكان ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە فراوانبووندایە، بەتایبەتیش لەوەتەی ترەمپ لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكادایە، باس لە رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و تەنانەت رووخاندنی حكوومەتەكەشی دەكەن.

لەو چوارچێوەیەدا، ئیدارەی ترەمپ، بەردەوام ئیدارەی ئۆباما تۆمەتبار دەكات بەوەی وەك پێویست نەیتوانیوە رووبەڕووی چالاكییەكانی ئێران و كارە تێكدەرییەكانی تاران ببێتەوە لە ناوچەكە.

لەلایەكی دیكەوە، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریكا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، لە كاتێكدا دەبێت كە حكوومەتی تاران گۆڕابێت.

Back to top button