سەربەخۆيی كوردستان لە زمانی ئاماژەكانەوە
یاد سرێشمەیی
بە درێژایی مێژووی سیاسیی كورد, هیچ كات وەك ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان كورد خودان پشتگیری نێودەوڵەتی نەبووە. هیچ كات كۆوێنەی كورد لە هەست و نەستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وابەهێز نیشان نەدراوە, ئەم وێنەیەیی كورد ئەگەر بەر لە پەلاماری داعش بۆ سەركوردستان, لەبەرامبەر بەجێگەیاندنی بنەماكانی دیموكراسی بێت لە بەرێوەبردنی وڵات و نیشاندانی نمونەیەكی جوانی پێكەوە ژیانی ئاینی و نەتەوەیی هاتبێتە پێش چاو, یان بەهۆی درووستكردنی زۆنێكی ئارام لە ناوچەیەك كە تا ئەو ساتەشی لەگەڵ بێت بەناوی تۆڕوتەیاری جیاواز بۆ تەسفیاتی قەومی و دینی رێكخراوی تیرۆریستی درووست دەكرێن, بە جۆرێك وەك فابریكەی بەرهەم هێنانی تیرۆری لێهاتووە نمونەیەكی جیاوازتری لە ناوچەكە نیشاندابێت, ئەوا كورد ئەمڕۆ لەدەست و قامی پێشمەرگەوە لێی دەڕوانرێت كە توانی بەرسینگ بە گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهانی بگرێت ئوستورەی گەورەترین تیرۆری رێكخراو لە جیهان تێك بشكێنن, كە ئەمە ئاماژەیەكە بۆجیهان كورد دەتوانێت پارێزگاری لە خاكەكەی بكات.
هەولی كورد پەیوەست بە پرۆسەی دەوڵەتسازی لێرەوە دەست پێناكات واتا لەگەڵ بڕیارە مێژوویەكەی 7/6/2017ی ئاواكردنی كۆمیتەی ریفراندۆم لەدایك نەبوو, بەلكو لەدوای ئەو بێ بەڵێنیەی كە دەرهەق بە بەڵێننامەی سیڤەركرا لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا, بگرە زووتریش كورد لە رێگای تاقیكردنەوەی میتۆدی جیاواز هەوڵی بەدەست هێنانی سەربەخۆی داوە, تەنانەت لە زۆربەی وێستگەكان ناچار كراوە بەو شێوازە مامەلە بكات كە لەگەڵ كورد دەكرا كە بەكار هێنان و بەدەنگخستنی چەك بووە, شۆڕشەكانی كورد لە دەرهاویشتەی بەدحالی بوونی نەیارانی كوردستان بوون كە هیچ مافێكیان بەكورد ڕەوانەدەبینی بۆیە ناچار بە هەلگرتنی چەككراوین.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی سەتساڵی رابردووی حزبە كوردستانیەكانی باشووری كوردستان بدەینەوە, لەهەموو قۆناخەكانی خەباتی چەكداری ومەدەنی كوردستان هیچ ساتوسەردەمێك وەك ئەمڕۆ نەیتوانیوە كاریگەری خۆی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری جیهان بچێنێت, بە تایبەت لە رووی ئابووری و سیاسیی كە ئەمەش هاوكار و هۆكاریی باشەبێت بۆسەرخستنی هەولەكانی پەیوەست بە رەسمكردنی خەونی كوردستان, یان كرانەوەی تێگەیشتنی جیهان بۆ كێشەی كورد كە جاران وەك كەمینەیەكی یاخی ناوی دەبرا ئەمڕۆ كەیسەكەی وەك قەزیەیەكی نەتەوەیی كە بەدرێژی سەدەیەك لە پارچەكردنی خاكەكەی هێشتان سەركوتی دەكەن ناو دەبرێت, ئاماژە گەلێكن كە سەربەخۆیی كوردستانیان لێ دەخوێندرێـتەوە.
دروستكردنی متمانە لە تێگەی وڵاتانی جیهان بە تایبەت زلهێزەكان, رەنگدانەوەی لەدیپلۆماسیەتی پێشوازیكردن لە سەركردە كوردستانیەكانو گۆڕانكاری لەسیاسەتی توركیا كە تا دوێنێ كوردستانی وەك باكوری عێراق ناودەبرد ئەمڕۆ ئاڵا لە پێشوازی سەرۆك هەلدەكات, وەڵانانی ئاڵای عێراق لە كێلەكی ئاڵای كوردستان لە پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپاو دەربڕینی ئامادەباشی بۆ چاودێری كردنی ریفراندۆمی كوردستان, پێشبڕكێی مامەلكردن لەگەڵ كوردستان بە تایبەت لە رووی ئابووری ئاماژە گەلێكی دیكەن كە كوردستان لەدەروازەی سەربەخۆی بوونی خۆیەتی تەنها واژۆی گەلی گەرەكە.