حەشدی شەعبی بەشداریی ئۆپراسیۆنەكە بكات تەلەعفەر دەبێتە خۆڵەمێشی جەنگ

خواكوڕك
پرسی بەشداری كردنی حەشدی شەعبی و میلیشاشیعەكان لە كۆنتڕۆرلكردنەوەی تەلعەفەر لە ئێستادا مەترسی گەورەی لەلای زۆربەی هاوڵاتیان دروستكردووە, بە تایبەت پێكهاتە سونیەكەی عێراق, سوپا سالاری عێراقیش لەوبارەیەوە رایگەیاندووە “ئەگەر هاوپەیمانان بەشداری نەكەن و حەشدی شەعبی بەشداریی بكات، شارەكە دەبێتە خۆڵەمێشی جەنگ”، و دەڵێت “ماوەیەكی زۆرە بۆردوومانەكانی حەشدی شەعبی و تەقینەوەكانی داعش زیانی زۆریان بەو شارۆچكەیە گەیاندووە.

سوپاسالاری پێشووی عێراق، فەریقی یەكەم بابەكر زێباری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “شارۆچكەی تەلەعفەر پێش ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوە بە هۆی بۆردومانەكانی حەشدی شەعبی و تەقینەوەكانی چەكدارانی داعش لە ناوەندی شارەكە، بەشێكی زۆری وێران بووە. لە ئێستاشدا بەشێكی زۆری سنووری قەزای تەلەعفەر لەژێر كۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبیدایە”.

بابەكر زێباری دەڵێت “بەشداریكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەی تەلەعفەر مەترسی شەڕی تایفی و مەزهەبی نێوان پێكهاتەكانی شارۆچكەی تەلەعفەری لێدەكەوێتەوە، چونكە لە ئێستادا ناكۆكییەكانی نێوان شیعە و سوننەكانی تەلەعفەر قووڵتر بوونەتەوە، دوای بەشداری حەشدی شەعبی لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەكە ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان بەرەو قۆناغێكی ئاڵۆزتر و نەخوازراوتر دەڕوات”.

بە گوێرەی ئاژانسە توركییەكە، سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتوویەتی “بە هۆی بوونی چەندین تێبینی لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە مووسڵ و دەورووبەریە ئێستا هەم خەڵكی تەلەعفەر هەمیش توركیا ناڕازیین لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەی تەلەعفەر، بۆیە باشتر وایە بەشدار نەبێت، جگە لەمەیش ئەگەر حەشدی شەعبی بەشدار بێت لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەی تەلەعفەر، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە هیچ شێوەیەك بەشدار نابن، بەو هۆیەشەوە تەلەعفەر دەبێتە خۆڵەمێشی جەنگەكە”.

بابەكر زێباری پیی باشە، لە بری حەشدی شەعبی هاوپەیمانان رۆڵ لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەردا ببینن و ئاشكرای دەكات كە “سوپای عێراق و دژە تیرۆر و هێزەكانی دیكەی چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری عێراق، بەشی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە ناكەن، چونكە ژمارەی هێزەكانیان كەمن، بۆیە پشتیان بە حەشدی شەعبی بەستووە، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانان پاڵپشتییەكی ئاسمانی زیاتر بكەن، ئەو كاتە ئەو بۆشاییە سەربازییە پڕ دەبێتەوە كە حەشدی شەعبی دەیگێڕێت”.

سوپاسالاری پێشووی عێراق، باس لە مووسڵی دوای داعشی دەكات و گوتی: “ئۆپەراسیۆنی سەربازی شاری مووسڵ كۆتاییهات، بەڵام داعش كۆتایی نەهاتووە و لە چەندین گەڕەكی شارەكە خۆیان حەشارداوە و بەدوای دەرفەتی دەستوەشاندن دەگەڕێن، بۆیە پێش هەموو شتێك ئێستای مووسڵ پێویستە كۆنتڕۆڵ بكرێت، چونكە مەترسی سەرهەڵدانەوەی شانە نووستووەكانی داعش لە ئارادایە”.

گوتیشی: “مووسڵ پێویستی بە چاودێری چڕی هێزە ئەمنییەكان هەیە، چونكە لە ئێستاشدا چەندین خێزانی داعش لە مووسڵ لەژێر ناوی هاووڵاتی سڤیلی لە شارەكە ماون، ئەمانەیش هەڕەشەن و دەبێت پشكنینی زیاتر بۆ ماڵ بە ماڵ و خێزان بە خێزانی شارەكە بكریت، تەنانەت ئەگەری ئەوەیش هەیە داعش لەناو تونێلەكانیشدا مابنەوە”.

Back to top button