ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق هەڵوەری و ناكۆكییەكانی پەرەدەستێنێت

خواكوڕك
دوای پەرەسەندنی كێشە ناوخۆییەكانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەعێراق ژمارەیەكی زیاتر لەئەندامە دێرینەكانی ئەو حزبە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە كە پێشبینی دەكرێت كاریگەری گەورەی لێبكەوێتەوە ئەو حزبە رێژەیەكی زۆری دەنگەكانی لەدەست بدات لە هەلبژاردنەكانی داهاتوودا

شێخ جەلالەدین سەغیر،یەكێك لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی جیابوونەوەی خۆی لەئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ڕاگەیاند، كە ئەم جیابوونەوەیەش دوای جیابوونەوەی هەر یەكە لەعادل عەبدولمەهدی وەزیری پێشووی نەوتی عێراق‌و باقر زوبێدی وەزیری پێشووی دارایی دێت لەئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كشانەوە، كە دووسەركردەی دێرین‌و دیاری ئەو ئەنجوومەنەن.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان ئەندامە دێرینەكانی تری ئەو ئەنجوومەنە، كە لەهەشتاكاندا لە‌ئێران لەلایەن باقر حەكیمەوە دامەزراوە، خەریكن جیا دەبنەوە، كە بەو هۆیەشەوە كێشە ناوخۆییەكان زیاتر پەرەی سەندووە.

بەرپرسانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە بۆ میدیاكان نادەن، بەڵام جەلالەدین سەغیر خۆی ڕاگەیاندووە پێشتر پرسی بەمەرجەعە ئاینییەكان كردووەو كێشەیان نییە لەگەڵ جیابوونەوەكەی.

ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئێستا عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، كە یەكێكە لەحیزبە دیارەكانی عێراق‌و شیعەكان، كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكانیش لای سەرۆكی ئەو حیزبەیە.

Back to top button