سەعدی پیرە: ریفراندۆم ھیچ گرفتی یاسایی نییە، چونكە سەدان بڕیار و یاسای نێودەوڵەتی ھەیە پشتگیری دەكات

خواكوڕك
دوای بەشداری كردنی لە پانێلێكی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان, كە لە ژێرناونیشانی بەرەو سەربەخۆی لە چوار چێوەی پرۆسەی ریفراندۆمەوە سازدرابوو, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەلێت:” وڵاتانی جیھان 200 پەنابەریان دەبێت، ھاواریان ھەڵدەستێ، بەڵام ئێمە نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە بەخێو دەكەین”
سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەو پانێلەدا، رای گەیاند: “ریفراندۆم، ھەنگاوێكی زۆر گرنگە و بوێرانەیە، ئەو بڕیارەی كوردیش لەوە ھاتووە كە لە فرسەتی زۆرمان بە حكوومەتی عێراقدا، بەڵام ھیچمان نەدیت و گەیشتینە بنبەست”.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەوەشی خستەڕوو: “لە 21/6/ 2016، 17 حزب لە كۆبوونەیەكدا باسی ریفراندۆممان كرد، چەندین بابەتی دیكەمان باس كرد، بڕیارمان ئەوەبوو كە ئەو ریفراندۆمە لە كاتێكدا بكرێت پێش ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئەمریكا بێت، بەڵام ئەوكات بەھۆی داعش مایەوە نەكرا”.
ئەوەشی ئاشكرا كرد: “لەكاتی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركووك، ھەموو خەڵك بوونە پەرۆشی یەكێتیی كاتی عێراق، بەڵام كە داعش 35% خاكی عێراقی داگیركرد كەس مێشی میوان نەبوو، بۆیە لە 3/4/2017 ئێمە كۆبووینەوە، بۆ تاوتوێی ئەم ھەڕەشانە دانیشتین و كە ناكرێ ئاڵا بكشێنینەوە، دەبێ بەرەوپێش بچین، بۆیە ئەو بڕیارەمان پەسەند كرد”.
پیرە، جەختیشی لەوە كردەوە: “ئەوانەی كە لەو بڕوایەدانین كە ئێمە دەتوانین ریفراندۆم بەڕێوەبەرین و خاوەن دەوڵەت بن، با بێن دوو ھەفتە لە كوردستان بن و ببینن چۆن خۆمان بەڕێوە دەبەین، وڵاتانی جیھان 200 پەنابەریان دەبێت، ھاواریان ھەڵدەستێ، بەڵام ئێمە نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە بەخێو دەكەین”.
گوتیشی: “ریفراندۆم ھیچ گرفتی یاسایی نییە، چونكە سەدان بڕیار و یاسای نێودەوڵەتی ھەیە پشتگیری دەكات و ئەوەی باسی دەكەین، بارودۆخی ھەرێمی و ھەڵویستی وڵاتانی زلھێزە، بۆیە لەبەردەمی گۆڕانكارییەكی گەورەداین لە ناوچەكە”.

Back to top button