پارتی بەدووچاوی ساغەوە !

دانا مه‌نمی
 
هەندێک جار گۆڕانخواز لەومرۆڤەدەچێت کە غەرقی گۆماوێک بووەو لەدورەوە چڵەدارێک دەبینێت خۆی پێ هەڵواسێت ولەخنکان رزگاری بێت ،لە نەبونی ئایدۆلۆژیا بۆ بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیزمی فەوزەوی وەکو گۆڕان پەنا بۆ ئایدۆلۆژیایەکی تر دەبەن ، جا ئیتر ئەو ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیزمی ئیرانی بێت ، یان ئایدۆلۆژیای بەعسیزمی مالیکی و حەکیم و حزبی دەعوە بێت .
لەمیتافۆڕی مەسیحی دا دەگێڕنەوە کابرایەک هەژارو دەستکورت بووە ، ڕۆژانە بۆ پاڕانەوە لە خودا دەچێتە کڵێساو داوای کردنەوەی دەرگای خێروخۆشی و دەوڵەمەندی دەکات ، فریشتەی خودا سکاڵاو پاڕانەوەی ئەم کابرایە دەباتە بەردەم خودا و تکای بۆ دەکات کە خودا دەوڵەمەندی بکات .
خودابەپێشنیاری فریشتەکە ڕازی دەبێت و دەڵێت : بڕۆ پێی بڵێ خودا بڕیاری داوە یارمەتی بدات و هەرشتێک بەتۆ ببەخشێت ، دووقاتیش دەبەخشێت بە دراوسێیەکەت .
فریشتەکەش فەرمانی خودا جێبەجێ دەکات و پەیامی خودا دەگەیەنێتە کابرای مەسیحی .
کابرای مەسیحی دەڵێت : باشە ڕازیم بڕۆرەوە بۆ لای خوداو پێی بلى چاوێکم دەربهێنێت ، بۆ ئەوەی هەردوو چاوی دراوسێکەشم دەربهێنێت .
ڕێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان گوزارشتە لەو میتافۆڕەی مەسیحی دەکات ، بەرلە دروستبوونی یەکێتی و لەساڵی ۱۹٦٤ بەشێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا کەوتنە ژێر بیرۆکەکانی ابراهیم ئەحمەد کە کۆمەڵگای کوردی تیغ و بەش بەش کرد بۆ ڕەش و سپی و شۆڕشگێڕو دژە شۆڕشگێڕ و پێشمەرگایەتی و جاشایەتی تا ساڵی 1975 ودروستبوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، دیسانەوە بەڕێز مام جلال نامیلکەیەکی لەژێر ناوی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆچی دەمەزرا ؟ ) لەساڵی ۱۹۷٥ لە دیمەشق بەکوردی و عەرەبی چاپکرد .
نامیلکەکە لەلایەن خودی بەڕێز تاڵەبانیەوە داڕێژراوە و بنەماڵەی بارزانی بەدوژمنی سەرەکی نەتەوەی کورد ناو دەبات وئامانجی دروستبوونی یەکێتی ڕێگرییە لە سەرکردایەتی بارزانی نەمربۆ گۆڕەپانی سیاسی کوردستان .
بەو جۆرە یەکێتی لەسەرەتای دروستبوونیەوە لەناو عوقدەی پارتی و بارزانی دا خولاوەتەوەو بەگرێی دەرونی و حەقدو کینەی مێژووییەوە مامه‌له‌ى كردووه‌ ولە ساڵی ۱۹۷٥ تاکو ۱۹۹٥ و شەڕی هەڵبژاردن لەنێومێژووی ئەو دوو دەیەدا یەکێتی تووشی لێکترازان و هەڵبەزو دابەزو شکست و خۆبەدەستەوەدان و خیانەتی گەورەی وەکو ٦٦ بوویەوە .
دوای راپه‌رینى به‌هارى سالى 1991 و دەرچونی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان سەرکردایەتی یەکێتی لەئایاری ۱۹۹۲ زەمینەسازی بۆ بەرپاکردنی شەڕێکی بەرفراوان دژی پارتی و بارزانی کرد کە ئەوکات پارتی ئەو خواست و نیازەی یەکێتی لەباربرد ، بەڵام لەساڵی ۱۹۹٤ یەکێتی گەڕایەوە سەر هەمان ڕێبازو نیەت و خواست کاتێک هەستی کرد لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لەحوزەیرانی ۱۹۹٥ باڵانس و دەنگی بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لەپارتی دیموکراتی کوردستان دابەزیووە داوای لیستی هاوبەش و میکانیزمی نیوە بە نیوە ، ففتی بەففتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد .
هەر بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن و ترس لەدەنگی گەل و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ مەترسی جدی لەسەر یەکێتی دروست کردووە ، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ملکەچی گەڕانەوە بووە بۆ ڕای گەل چونکە دڵنیابووە لەهێزو ئیرادەو متمانەی نێوان خۆی وخەڵک .
دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە ۲٥ ی ۷ ی ۲۰۰۹ کەلەهەناوی یەکێتی لەدایکبوون و دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان حاکمی موتڵەق ودەسەڵاتداری نێو یەکێتی بوون و هەڵگری هەمان کلتورو ترادسێۆن و پەروەردەو نەریتی سیاسی و خێڵەکی و بنەماڵەیی حزبین ، بیرۆکەی تێکەڵکردنی حزب و حکومەت و بەحزبیکردنی خەڵک و بڕینەوەی مووچەی بندیوارو دیوەخان و مفتەخۆری بەناوی شۆڕشەوە، باڵادەستبوونی حزب لە دەسەڵاتی دەدوەریدا زادەو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخەری گشتی ئەوکاتی بزوتنەوەی گۆڕان کە ئێستا لەژیاندا نەماوەو کۆچی کردووە .
نەدروستبوونی یەکێتی بۆ شۆڕش و نەدروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاکسازی و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی نەبوون و نین ، بەڵکو ئامانجەکە بۆ پەلاماردانی پارتی و لاوازکردنی ڕیبازی بارزانی وەکو فەلسەفەیەکی نوێخواز و مرۆڤ و ژینگە دۆست کە خواستی پێکەوەبوون و ژیانی لەگەڵ حزب و پێکهاتەکاندا هەیە ، نامیلکەکەی ساڵی ۱۹۷٥ بەڕێز تاڵەبانی و پەرتووکی دیداری تەمەن ئەم ساڵ یەک ئامانجی هەیە کە ئەویش سوکایەتی و بێحورمەتیکردنە بە شکۆو هەیبەت و ڕۆڵی پارتی و لەناویشیاندا کاریزمای زرنگی ڕیبازی بارزانی نەمر کە بووەتە سەرچاوە ئیلهام و خۆشەویستی بۆخەڵکی کوردستان .
جیابونەوەی برایم ئەحمەد لەساڵی ۱۹٦٤ لە پارتی نەبۆ خزمەتکردنی شۆڕش بوو نە لەسەر بیروڕای جیاواز ، بەهەمان شێوە جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفاو پۆلێک سەرکردەی ناویەکێتی کەبوونە هەوێنی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ۲٥ ی ۷ ی ۲۰۰۹ دیسانەوە نە بۆخزمەتکردنی کۆمەڵگایە نە بۆ چاکسازی و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی ، بەڵکو هەردوو جیابونەوەکەهەم جیابونەوەی برایم ئەحمەد لەمەکتەبی سیاسی پارتی و هەمیش جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی تەنها ئامانجێکی هەبوو ئەویش لێدان و پەلاماردان و دروستبوونی وێنایەکی ئەهریمەنی لەسەر پارتی و ڕیبازی بارزانی .
ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوان یەکێتی و گۆڕان گوزارشتە لە میتافۆڕەکەی مەسیح ، خودی ڕێکەوتنەکە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کرا کە هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت ، کە نەگۆڕا ، وەک ئەوەی بانگەشەی کەمکردنەوەی ڕۆڵ و هەیمەنەی پارتی و دیموکراتی کوردستان دەکرێت ، کەنەکرا، ئومێدی گۆڕان و یەکێتی بەڕێکەوتنامەی دەباشان بۆ ئەوە بوو کە چاوی نەیارەکەیان کە پارتی و ڕیبازی بارزانی یە نابینا بکەن ، لەکاتێکدا بۆ خۆیان نابینا بوون و ئێستا یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان یەکی بە تاکە چاوێک و پارتی و ڕیبازی بارزانی بە دووچاوی ساغەوە لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا ستراتیژو ئەولەویەتیان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان و ڕزگاربوونە لە پاشکۆیەتی و کۆیلایەتی عێراقێکی فاشل .
 
Back to top button