سەركردەیەكی یەكگرتوو: ئەگەر ھەرێمی كوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات توركیا دژی نابێت
خواكوڕك
پرسی سازدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئێستا بووەتە مژاری گفتوگۆی ناوخۆو دەرەوەی كوردستان و زۆرترین قسەی لە بارەوەدەكرێت, بەرپرسێكی بالایی یەكگرتووش رایدەگەیەنێت :”ریفراندۆم بەرھەمی سەد ساڵ چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستانە، بۆیە دەبێت لە پڕۆسەی ریفراندۆمدا سەركەوتوو بین“.
غازی سەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری (مەكتەبی سیاسی)ی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، رایگەیاندووە : “ئەگەر سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و كۆدەنگیی لەسەری ھەبێت، حكوومەتی عێراقیش ناتوانێت رێگر بێت لە ئەنجامدانی خواستی گەلی كوردستان، كە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی”.
بەرپرسەكەی یەكگرتوو گوتیشی: “رەنگە خەڵكێك تەحەفوزی لەسەر ریفراندۆم ھەبێت، بەڵام ئێمە وەكوو خەڵكی كوردستان كۆدەنگیمان ھەبێت، ھیچ وڵاتێك ناتوانێت كێشەمان بۆ دروست بكات، لە راگەیاندنەكان وڵاتان بە فەرمی پشتیوانیی لە ئەنجامدانی ریفۆاندۆم ناكەن، بەڵام قەناعەتم ھەیە ھەموو وڵاتانی دەرەوە مامەڵە لەگەڵ واقیع و خواست و ویستی گەلی كوردستاندا دەكەن“.
غازی سەعید گوتیشی: “ھەر كاتێك گەلی كورد بڕیاری سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان بدات، گەشبینین بەوەی توركیا پاڵپشت و ھاوكار دەبێت و دژی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان نابێت، لە سایەی ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا و حكوومەتی ئێستای توركیا ئەو گەشبینییەمان بۆ دروست بووە”.
ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو دەشلێت:” ئەو كاتەی فیدڕاڵیی كوردستان بووە ئەمری واقیع، وڵاتان مامەڵەیان لەگەڵدا كرد و دانیان پێدا نا، بە ھەمان شێوە كاتێك كورد دەوڵەت رادەگەیەنێت مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و دانی پێدا دەنێن، گوتیشی: ”خەڵكی كوردستانیش دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدات و ئەگەر ئێمە بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێك ئەوە ھەموو وڵاتانی دەرەوە بەئەرێنییەوە مامەڵە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندا دەكەن“.