پەیەدە و رژێمی سووریا لەسەر ئیدارە و داهاتی كێڵگەی نەوتی رمێلان رێككەوتن
خواكوڕك
ئەگەر چی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان, بوونی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان پەیەدەو رژێمی سووریا لە بوارەكانی سەربازی و سیاسی و بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستان نەشاردۆتەوە, پارتی یەكێتی دیموكراتی پەیەدە و حكومەتی سووریا، بەڕێوبەرایەتی كێڵگەی رمێلان لە حەسەكە و تیمی شارەزایانی سەر بە حكومەتی سووریا دەستیانكرد بە چاككردنەوەی هێڵی نەوتی نێوان سەنتەری كۆكردنەوەی نەوت لە تەل عەدەسی باكووری خۆرهەڵاتی حەسەكە و پاڵاوتگەی حمس.
ئاژانسی ئاكی ئیتاڵی بڵاویكردووەتەوە، رێككەوتنەكە لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی زاتی و حكومەتی دیمەشق واژوو كراوە, وە بە گوێرەی رێككەوتنەكە حكومەتی دیمەشق رازی بووە سێ فەرمانگەی رەسمی رادەستی ئیدارەی زاتی بكات، كە ئەوانیش بەڕێوبەرایەتی كێڵگەی نەوتی رمێلان، فەرمانگەی گرێبەستەكانی راژە، و فەرمانگەی فرۆشتن و دارایی.
بڕیارە هێڵە نەوتییەكان چاك بكرێتەوە و رێگە بۆ ئەوە خۆشبكرێت، نەوت لە ناوچەكەوە بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوتگەی حكومەت لە حمس و بانیاس.
بە هۆی ئەوەی پڕۆژەكە ماوەی دوو ساڵی پێویستە، بازرگانی نەوت حسام قاترچی لایەنگری حكومەت راسپێردراوە نەوت لە حەسەكەوە بگوازێتەوە بۆ كەناراوەكانی سووریا و پارێزگای حمس لە رێی تانكەرەوە.
بڕیارە تانكەرەكانی نەوت رێگەی نێوان حەسەكه و ناوخۆی سووریا بە تێپەڕین بە شاری منبجی ریفی حەلەبی خۆرهەڵاتدا بگوازرێنەوە.
قاترجی، كاریش بۆ ئەوە دەكات ببێتە نێوەندگیری نێوان حكومەتی سووریا و ئیدارەی زاتی وەك ئەوەی پێشتر كەسێكی بازرگان بە ناوی جۆرج حەسوانی ببوە نێوەندگیری نێوان دەوڵەتی ئیسلامی و حكومەتی سووریا. بۆ ئەوەی نەوت بۆ كۆمپانیایەكی رووسیی هەناردە بكات.
بە گوێرەی زانیارییە میدیاییەكان سەنتەری بەرهەمە ئاژەڵییەكانی نزیك دەروازەی باشووری قامیشلۆ و بارەگای فەوجی 46ی سوپای سووریا دەبنە بنكەی سەرەكی كۆكردنەوەی تانكەرەكانی قاترجی و تانكەرەكان لە سەنتەری تەل عەدەسی نزیك رمێلان پڕ نەوت دەكرێن و دەگوازرێنەوە بۆ بانیاس.
بە گوێرەی زانیارییە میدیاییەكان بەشێك لەو تانكەرانە گەیشتوونەتە شاری جەرابلووسی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە توركیا و ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی قەڵغانی فورات و لە جەرابلووس پاڵاوتگەی خۆجێی هەن و نەوتە خاوەكە دەپاڵێون و سووتەمەنی ئۆتۆمبێلی لێ درووست دەكەن و لە سنووری حەلەب بە شێوەی ئاشكرا ساغی دەكەنەوە.
لە 2013ەوە كێڵگەی نەوتی رمێلان لە دەست ئیدارەی زاتیدایە و بەشی پارێزگای حەسەكە سووتەمەنی بەرهەمدەهێنا.
پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، ئیدارەی زاتی بە گوێرەی گرێبەستێك لەگەڵ حكومەتی سووریادا پارێزگاری و پاسەوانی لە كێڵگە نەوتییەكە كردووە و لە بەرامبەردا پارەی وەرگرتووە.
بە گوێرەی زانیارییەكان لە ئێستادا گرێبەستەكە گۆڕانكاری تێدا كراوە و ئیدارەی زاتی لە سەدا 20ی داهاتی نەوتەكەی پێ دەدرێت و هێزەكانی سەنادیدی سەر بە حەمید دەهام جەربای سەركردەی هۆزی شەممەر لە سەدا 10ی داهاتی پێدەدرێت و لە سەدا 5ی داهاتەكەش بۆ هێزەكانی سوتورۆی سریانییەكانە و حكومەتیش لە سەدا 65ی داهاتەكەی بۆ دەمێنێتەوە.