شوان ھەركی: ئێن ئاڕتـی بێلایەن نییە

خواكوڕك
لەگەلً ئەوەی پێشوتر لەسەر هەلوێستە نانشتیمانیەكانی كەناڵی (NRT) چەندین كارمەندی ئەو دەزگامیدیاییە دەستیان لە كار كێشاوەتەوە, بەهۆی درێژەدان بە هەولەكانی دژ بە نشتیمان, دووكارمەندی دیاری ئەو كەناڵە دەستیان لە كار كێشایەوە هاكاری دەست لە كار كێشانەوەكەشیان لە میداكان بڵاو كردۆتەوە.

ھەردوو بێژەری دیاری كەناڵی ئێن ئاڕتی، شوان ھەركی و كاژین حەسەن، رایانگەیاند : “دوای وەرزی نوێی كەناڵەكە و گۆڕینی سیستەمی پەخش بە ئێچ دی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ ھەردووكمان چووینە كەناڵی ئێن ئاڕتی. سەرەتا وەك بێژەر دەستبەكار بووین، بەڵام دواتر بەھۆی ئەنجامدانی كارەكانمان بە باشی، من پۆستی سەرنووسەری ھەواڵی كرمانجییشم وەرگرت و تا دوا رۆژی كاركردنمان ھەردوو ئەركەكەم بەباشی ڕادەپەڕاند، جگە لە چەندین كاری زیادە و بەرنامە و ڕووماڵ لە بەرەكانی جەنگ. ھۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشمان تەنیا ھۆكارێك نەبوو، بەڵكوو چەندین ھۆكار ھەیە كە وای لە ئێمە كرد بگەینە ئەو بڕوایەی كە ئیدی پێویستە كەناڵەكە بەجێ بھێڵین.

شوان هەركی هۆكاری دەست لە كار كێشانەوەی بەهۆی هەڵویستەكانی ئێن ئاڕتی بووە نمونەی راستكردنەوەی هەوالێك باس دەكات و دەلێت:” ھۆكارەكانی وازھێنانی خۆم و كاژینی ھاوسەرم زۆرن، بەڵام سەرەكیترینیان لادانی سیاسەتی كەناڵەكە بوو لە بەرژەوەندیی نیشتمانی، لەپێناو ھەواڵێك بۆ ڕاكێشانی سەرنجی بینەر، دیارترین نموونەش، بابەتی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان بوو لە كەركووك كە ئەوكات بە دیاریكراوی لە رۆژی ١٠ی٤ی ئەمساڵ ھەواڵێك ھەبوو لەسەر داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، من وەك سەرنووسەری ھەواڵ و وەك ئەركی خۆم بەدواداچوونم بۆ ھەواڵەكە كرد، چونكە گومانم ھەبوو لە ڕاستیی ھەواڵەكە، بەڵام ئەمە بە ھەر ھۆكارێك بێت لەلایەن بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە قبووڵ نەكرا، بۆیە ھەم ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بوومەوە لەسەر ڕاستكردنەوەی ھەواڵەكە، ھەم سزا درام“.

ھەركی ڕوونیشی كردەوە: ”ئەوكات من ئەوەم پێ قبووڵ نەكرا و لە رۆژی ١١ی٤ دەستم لە كار كێشایەوە، بەڵام بەرپرسانی كەناڵەكە دەستلەكاركێشانەوەی منیان قبووڵ نەكرد و پاش ھەوڵدانێكی زۆر لەگەڵمدا گەڕامەوە سەر كار، بەڵام ئەوەی نیگەرانی كردم، لەدوای دەستكردنەوەم بە كار، رۆژ بە ڕۆژ لادانی زیاترم ئەبینی لە پرسە نەتەوەییەكان، ئەوكات بۆم دەركەوت بابەتی ھەواڵی ئاڵاكە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو كە ئێن ئاڕتی دەستی پێكردووە و ئەوەش بۆ من جێی ناڕەزایی بوو، چونكە ئەگەر خوێنی ئەو ھەموو شەھیدەی كوردستانیش نادیدە بگرم كە بۆ ئەم خاكە ڕژاوە، ناتوانم خوێنی شەھیدانی بنەماڵەكەم فەرامۆش بكەم كە تەنیا لە عەشیرەتی ھەركی زیاتر لە ٢٠٠ شەھیدی شەڕی داعشمان ھەیە، كە چەندین كەسی نزیك لە خۆمی تێدایە، بۆیە تەنیا بژارەی چوونەدەرەوە لەو سیاسەتەم لەبەردەمدا مایەوە، بۆیە ئەوەی باسیشم كرد بە بڕوای من بەسە بۆ ئەوەی دڵنیابم ئێن ئاڕتی لە دروشمە سەرەكییەكانی خۆی (ھاوسەنگی، ڕاستگۆیی، بوێری) لایداوە.

پێچەوانەی پرسە نیشتمانییەكان

شوان ھەركی، ئاشكرای دەكات، كەناڵی ئێن ئاڕ تی، پێچەوانەی پرسە نیشتمانییەكان كاری كردووە، وەك خۆی دەڵێت: “كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی ھەرێمی كوردستان، سیاسەتێكی وەھای پەیڕەو كردووە كە تەواو پێچەوانەی ھەم بڕوای خۆم ھەم بەرژەوەندیی نیشتمانییە، كە ئەوەش دیارە بۆچی لەپشت وەھا بابەتێكەوەیە كە من نامەوێت لێرەدا بچمە وردەكارییەوە، بەڵام سیاسەتی كاركردنی ئێن ئاڕ تی ئەوەی بۆ ڕوون كردمەوە كە ئەو كەناڵەش ھاوشێوەی زۆرینەی كەناڵەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان، خزمەتكاری ئەجێندایەكی دیاریكراوی حزبییە و بە تەواوی دوورە لە دروشمی بێ لایەنی و ئەو بەرنامەیەی كە خۆی ئیدیعای بۆ دەكات، ھەر بە سەیركردنێكی سادەش ئەوە زۆر باش دەردەكەوێت و پێویست بە خۆھەڵخەڵەتاندن ناكات، مەگەر تەنیا ئەو كەسانە خۆیان لەو ڕاستییە لا بدەن كە ھەڵگری ھەمان ئەو بیروڕا حزبییەن كە ئێن ئاڕ تی كاری بۆ دەكات.

خزمەتكاری ئەجێندای حزبێكە

شوان ھەركی و كاژینی ھاوسەری، جەخت لەوە دەكەنەوە، ئێن ئاڕ تی خزمەت بە ئەجێندای حزبێكی سیاسی دەكات. وەكوو خۆیان باسی لێوە دەكەن: ”زۆر بە یەقینەوە دەڵێم ئێن ئاڕ تییش وەك ھەموو ئەوانی دیكە دەستی حزبێكی دیاریكراوی لەپشتەوەیە و ئەمەش زۆر بە زەقی بەتایبەت لەو كاتەنەدا دەردەكەوێت كە ناكۆكییەكانی حزبێكی دیاریكراو لەگەڵ بەرامبەرەكەی زەق دەبێتەوە و ئێن ئاڕ تی وەك ماشێنێكی ئیعلامیی لێ دێت دژ بەو بەرامبەرە، مەسەلەكەش گرنگیی ئەم یان ئەولا نییە، ئەوەی گرنگە مادام ئێمە بەخۆمان گوت بێ لایەن، دەبێت بە فیعلی بێ لایەن بووینایە و بە یەك ئاراستە لەگەڵ ھەموو پرسەكاندا بڕۆیشتینایە. بەدڵنیایی پرسە نیشتمانییەكان بۆ ئێمە لەسەروو ھەموو شتێكەوەیە و ھیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی ناگاتە ئاستی پیرۆزیی پرسە نیشتمانییەكان، بۆیە مەرجی سەرەتامان بۆ كاری نوێ ڕێزگرتنی ئەو كەناڵەیە لە گەل و نەتەوە و بەرژەوەندیی نیشتمانی.

Back to top button