فۆرینه‌ پۆڵسی: ده‌وڵه‌تی عێراق شه‌كستی هێناوه‌ یان بینیات نانی ده‌وڵه‌تی كوردستان؟

خواكوڕك
 
دامه‌زراوه‌ی فۆرینه‌ پۆڵسی ڕاپۆرتێكی شیكاری به‌ناونیشانی (كامیان ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو دە‌بن، كوردستان یان عێراق؟) باس له‌ هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ده‌كات كه‌ بریتین له‌ چه‌ندین كاری سه‌ركه‌وتووی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ئەو حکوومەتە.
 
له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا، فۆرینه‌ پۆڵسی لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری بۆ دوو قۆناغی دەسەڵاتداریی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەڕێم لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و حکوومەتی بەغدا بە سەرۆکایەتیی نووری مالکی و لەو بارەیەوە ئاماژەی بە چەندین دۆسیەی گەندەڵیی گەورەی مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق کردووە کە خۆی لە بەهەدەردانی سه‌دان ملیار دۆلاری عێراق و بڵاوكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و كوشتن و زیندانیكردنی سوننه‌كان و له‌ناوبردنی سوپای عێراق و گۆڕینیه‌تی به‌ ملیشیادا دەبینێتەوە.
 
له‌ به‌رامبه‌ردا و وەک بەراوردکارییەک، باس له‌ چه‌ند كارێكی گرنگی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان كراوه‌ كه‌ به‌ ئامانجی بنیادنانی ده‌وڵه‌تی كوردستان و بناغه‌ی ئابووریی كوردستان ئەنجامی داوە. نووسه‌ر ده‌نووسێت: نێچیرڤان بارزانی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستانی بۆ توركیا ده‌ستپیكرد و‌ بووە هۆکاری دامەزراندن و پتەوترکردنی پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕێی تورکیاوە، بەوەش ئەمڕۆ کوردستان لە سایەی پەیوەندیی سەرۆکی حکوومەتەکەی لەگەڵ تورکیا بووەتە هەنارەکاری سەرەکیی نەوت لە ڕێی ئەو وڵاتەوە. هەروەها لە سایەی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌ودا قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و تورکیا هەشت ملیار دۆلاره‌، بارزانی نەیاری پێشووی كوردستانی گۆڕی به‌ هاوبه‌شی بازرگانی، ئه‌وانه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ڕوویان داوه‌، نێچیرڤان بارزانی له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپیكردندا ڕایگه‌یاند كه‌ ئامانجی ته‌نیا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناگاته‌ سنووره‌كانی توركیا، كه‌ ئه‌وه‌ش یارمه‌تی هێوركردنه‌وه‌ی توركیایان دا.
 
دامه‌زراوه‌ی فۆرینه‌ پۆڵسی لە ڕاپۆرتە شیکارییەکەی دا باسی لەوە کردووە کە پیشەسازیی نه‌وتی كوردستان بە ڕاددەیەک سه‌ركه‌وتوو بووه‌ كه‌ توانیویەتی چه‌ندین كۆمپانیای مه‌زنی وه‌ك ئیكسۆن مۆبیل و شیفرۆن بێنێتە هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مانای ئه‌وه‌ش بێت كه‌ ئه‌وان نه‌توانن له‌ عێراق وەبه‌رهێنان بكه‌ن. هەربۆیە، فۆرینه‌ پۆڵسی ئەوەی بۆ ئەو ڕاستییە گەڕاندەوە کە نێچیرڤان بارزانی توانیویه‌تی دڵنیایی بدات کە كوردستان به ‌ئارامی ده‌مێنیته‌وه‌ و دوور ده‌بێت له‌ شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و هەروەها یارمه‌تیی قه‌ناعه‌تپێكردنی وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كانی داوه‌ بێنه‌ كوردستان به‌ توركه‌كانیشه‌وه‌.
 
دامەزراندنی بنەماکانی دەوڵەت، بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی دامەزراوەکە بوو کە تیایدا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە پێشکەشکردنی چەندین پرۆژه‌ی گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشبردنی هەرێمەکە و ئەوانەش یارمه‌تیده‌ربوون بۆ دامه‌زراندنی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت، كه‌ كورده‌كان هیوایانه‌ دایبمه‌زرێنن دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. هه‌روه‌ها هه‌وڵیداوه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ حكومه‌ته‌كه‌ نه‌هێڵێت و پاره‌ی به‌فیرۆدراو بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، و به ‌یارمه‌تیی ئەمریکا، ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌ ده‌ست پیكردووه‌ و ده‌یه‌وێت سوپایەکی یه‌كگرتووی به‌هێز بۆ پاراستنی ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ دابمه‌زرێنیت.
 
فۆرینە پۆڵسی، توانای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نیشان داوە وەک سەرکردەیەکی ڕاستەقینە لە بنیادنانی هاوپه‌یمانێتی و گۆڕینی نەیارەکان بۆ هاوبه‌شی بازرگانی، دەستەبەری سه‌لامه‌تی بۆ هه‌مووان، پارێزگاریكردن له‌ كه‌مینه‌كان، خۆبه‌دوورخستن له‌ شه‌ڕی مه‌زهه‌بی، پێشخستنی هه‌ریمی کوردستان، یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و بەرەنگاربوونەوەی گه‌نده‌ڵی، ئه‌و تایبەتمەندییانە دەریدەخات كه‌ وەک ده‌وڵه‌تمه‌دارێك ده‌زانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كاندا بكات، تەنانەت ئه‌گه‌ر بەرەوڕووی زۆر کۆسپی گه‌وره‌ش بێته‌وه‌، لەوانە هەوڵی ئێران بۆ شکست پێهێنانی پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان، دوودڵیی تورکیا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، کێشەی سنوورەکان و بوونی میلیشیا و چەندین گرفتی دیکە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە شیکارییەکەی فۆرینه‌ پۆڵسی، بە خستنەڕووی ئاماری سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان، پێشێلکارییەکانی نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی باس کردووە، لەوانە، دابەزاندنی ڕێژەی سوننەکان لە بەغدا لە ٤٥ لەسەدا بۆ لەسەدا ٢٥ تا ساڵی ٢٠٠٧ و کوژرانی هەزاران خەڵکی سڤیل و بێتاوان لە ئەنجامی نانەوەی ناکۆکیی مەزهەبی. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە هەواڵێکی پێشتری ڕۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) کردووە لەسەر دیارنەمانی بڕی ٢٢٠ ملیار دۆلاری حکومەتی عێراق لە سەردەمی نووری مالکی کە بۆ جێبەجێکردنی شەش هەزار پڕۆژە تەرخان کرابوو، تائێستاش هۆکاری جێبەجێ نەکرانی ئەو پڕۆژانە بە نادیاری ماوەتەوە.
 
فۆرینه‌ پۆڵسی، ڕاپۆرتێکی (هیومەن ڕایتس وۆچ)ی وەک بەڵگە هێناوەتەوە کە چۆن لە سەردەمی مالکیدا سوننەکان سەرکوت و زیندانی دەکران و چەندین سەرکردەی دیاریان لەوانە تارق هاشمی ناچار کرا وڵات جێبهێڵێت و ئەوەش وای کرد سوننەکان زیاتر لە سیاسەتەکانی مالکی بێ هیوا بن. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی فۆرینه‌ پۆڵسی، مالکی لەپێناو درێژەدان بە دەسەڵاتداریی خۆی، هەژمونی ئێرانی لە ناوخۆی وڵاتدا زیاتر کرد، هەربۆیە توندڕەوی و سیاسەتی هەڵەی ئەو بوو کە عێراقی بە ڕۆژە گەیاند کە ببێتە وڵاتێکی شکستخواردوو.
 
نووسەری ڕاپۆرتە شیکارییەکە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە پێویستە پاڵپشتیی کورد بکرێت بۆ دامەزراندن و بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕێز له‌ مافەکانی مرۆڤ وكه‌مینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دەگرێت.
Back to top button