ئازادى وخۆشگوزەرانى ودامەزراوەیى،بەرهەمى دەوڵەتە.
سامان ڕەشید
دەوڵەت وەک ڕێکخستنێکى سیاسى بەجۆرێک لەجۆرەکان کارگەى بەرهەمهینانى پێداویستییەکانى کۆمەڵگایە ولەڕێگاى بەکارهێنانى ئامرازەکانى دەبێتە چەترێک بۆ پاراستنى ئاسایشى هاونیشتمانیان و بەها ئەخڵاقییەکانى کۆمەڵگا ودابینکردنى پیداویستییەکان وئارەزووەکانى کۆمەڵگا.وەهەر ئەم هۆکارانەش بوونە کە نەتەوەکانى جیهان هەوڵیان بۆ دەوڵەت داوە و لەڕێگاى دەوڵەتەوە خۆشگوزەرانییان بۆ کۆمەڵگاکانیان فەراهەم کردووە وبەرژەوەندییەکانیان پاراستووە. لەغەیابى دەوڵەت وەک قەوارەیەکى سیاسى ناتوانین بەشیوەیەکى ڕەها قسە لەسەر هەموو ئەو چەمکانە بکەین کە دەوڵەتى نوێ یان دەوڵەتى خۆشگوزەران بەرهەمى هێناون وەلەنەبوونى دەوڵەت هەموو ئەم چەمکانە هیچ مانایەک نابەخشن ومەوداى بەرجەستەکردن وفەراهەمکردنیان زۆر کەمە وئەگەر هەشبێت ئەوە سنووردارە،هەمیشە دەوڵەت وەک چوارچێوەیەک بووە بۆ بیناکردن ودامەزراندن وبەرەوپێشبردنى هەموو ئەو سێکتەر وکایە جێاوازانەى کە پێویستین بۆ کۆمەڵگایەکى خۆشگوزەران.
کاتێک قسە لەسەر دەوڵەتێک بۆ هەرێمى کوردستان دەکەین بەو مانایه دێ کە قسە لەسەر ئەو سەروەرییە کامڵه ئەکەین کە پێشتر لەنەبوونى دا نە کوردستانیان ئازاد بوونە ونە هاونیشتمانیان خۆشگوزەرانییەکى ئەوتوویان بووه ونە دامەزراوەکانیش وەک پێویست مۆسەساتى بوونه.گرنگى دەوڵەت بۆ هەرێمى کوردستان لەوەدایە کە ئەو بنەما وسێکتەرانەى کەئەمرۆ گوێبیستى ئەبین لەهەندێکەوە وەک پێویستى بۆ هەنگاونان بەرەو دەولەت،خۆدى دەوڵەتە کە لەرێگایەوە هەموو ئەوانە بەرهەم ئەهێنێ نەک بەپێچەوانەوە.ڕەنگە مانەوەى ئەم قۆناغەى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان وەک خۆیى بۆ هەندێک لایەن وگروپ زامنى پاراستنى بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بێت،هەر ئەمەشە واى کردووە کە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەوڵەت بەدۆزەخ وێنا ئەکەن.چونکە لە وجودى دەوڵەت دەسەڵات وهەژموونى ئەو لایەن وگروپانە نامێنن ودەوڵەت موڵکدارى ودەسەڵاتى ڕەهاى لەپێناو بەرژەوەندى گشتى تەوزیف ئەکات،هەر وەک ئیمانوێل کانت لە پرۆژەى ئاشتى هەمیشەیى دا ئاماژەى پێداوە (دەوڵەت موڵکێک نییە لەمۆڵکەکان بەڵکو ڕیکخستێنکە کەس ناتوانى تەحەکومى بکات یان بەکاریبهێنێ بۆ هەر مەبەستێک لەمەبەستەکان وتەنها خۆدى خۆى خۆى حوکم دەکات وخۆشى بەکاردەهێنێت چۆن بییەوێت).
ئەزموونى هەرێمى کوردستان لەڕووى سیاسى وئیدارى وئابوورییەوە لەدەرەوەى هێڵە گشتییەکانى دەوڵەت بەردەوامى داوە بەدەسەڵات وحوکمڕانى لەچوارچێوەى ئەو واقعەى کە بوونى هەبووە،یان بەشێوەیەکى دیکە ئەتوانین بڵێن حوکمڕانى ودەسەڵاتدارى بەبێ سیادەیەکى تەواو مومارسەى حوکمڕانى کردووە،بێ شک نەبوونى سەروەریش هۆکارێکە بۆ ئەوەى کە نەتوانرێت ئەو حوکمڕانییە وەک پێویست پێداویستییەکانى کۆمەڵگا دابینبکات،سەرەڕاى ئەو بەربەستە ولەمپەڕانەى کەلەنەبوونى دەوڵەتدا بوونى هەبووە،دەسەڵاتى سیاسى لەهەرێمى کوردستان کۆمەڵێک هەنگاوى گرنگى ناوە کە ئەو هەنگاوانە تەنها لەچوارچێوەى سیادەى دەوڵەتە ئەتوانرێت بهاوێژرێت،بەڵام دەسەڵاتى سیاسى لەهەرێمى کوردستان ئەو هەنگاوانەى بڕیووە وئەمەش فاکتەرگەلێکى گرنگن بۆ بەرەو پێشبردنى پڕۆسەى دەوڵەتدارى لە دەوڵەتى ئایندەى کوردستان.
ئەمڕۆ لەهەرێمى کوردستان کۆمەڵێک کێشە وگرفتى سیاسى و ئیدارى وئابوورى بوونى هەیە وهەموو ئەم گرفتانەش هۆکارى بوونیان ئەگەڕێتەوە بۆ غیابى دەوڵەت ونەبوونى سەروەرى وەئەگەر بمانەوێت ئەو کێشە وگرفتانە چارەسەر بکرێن وکۆمەڵگاى کوردستان هاوشێوەى کۆمەڵگا خۆشگوزەرانەکانى دیکەى جیهان مومارسەى مافە بنەڕەتییەکانیان بکەن و کۆمەڵگایەکى خۆشگوزەرانبن وخاوەن ئیرادەو وسیادەبین پێویستە ئەم قۆناغەى ئەمڕۆى ئەزموونى هەرێمى کوردستان تێپەڕینین وهەنگاو بەرەو ئەو چوارچێوە سیاسییە بهاوێژین کەناوى دەوڵەتە،چونکە تەنها دەوڵەت ئەتوانێت لەچوارچێوەى دامەزراوەکانى هەموو ئەو کێشە وگرفتانەى ئەمڕۆمان چارەسەر بکات وبەرەنگارى هەموو ئەو مەترسى و کێشە وگرفتانە بێتەوە کە کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگاى هەرێمى کوردستان دروستکردووە.