رێبوار تاڵەبانی: ڕێگریكردنی بەغدا لە سازدانی ڕیفراندۆم لە كەركوك كودەتایە بەسەر یاسادا
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە زۆرینەی دەنگ داوایكرد حكومەتی عێراق هەستێ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی پارێزگاكە بەپێی مادەی ١٤٠ و دواتر بە نوسراوێكی فەرمی داواكەیان ئاراستەی حكومەتی عێراق كرد.
نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نووسراوێكدا، كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاكەی كردووە ڕایگەیاندووە، لەئێستادا لەتوانایاندا نیە ریفراندۆم بۆ چارەنوسی كەركوك ئەنجام بدەن.
رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش داواكاریەكەیان بە دەستوری و یاسایی و وەڵامەكەی بەغداش بە كودەتایە بۆ سەر یاسا لە عێراقدا ناودەبات.
بەپێی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق لەدوای قۆناغەكانی ئاساییكردنەوە و سەرژمێری پێویستە ڕیفراندۆم بۆ یەكلایكردنەوەی چارەنووسی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەنجامبدرێت، بەلام تا ئێستا بەتەواوی هیچ كام لە قۆناغەكانی ئەو مادەیە جێبەجێنەكراون.
ئەندامێكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگاكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە دوای وەرگرتنی وەڵامی بەغدا ئەوان پەنا دەبەنە بەر حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لەكەركوك ئەنجام بدات.