گەر ڕیفراندۆم بکەین توشی مەترسی دەبین ؟ گەر سەربەخۆبین دەمرین لەبرسا !؟
بهمن کاك عبداللە
زۆر جار لێرەو لەوی بەتایبەتی لەزاری هەندی بەناو سیاسی و حزبی کوردی و پەرلەمانتاری گیرفان پڕەوە ، گوێمان لەوە دەبێت ، گوایە گەر ڕیفراندۆم بکەین هاوسێکانمان سنورەکانمان لێ دادەخەن و دەمانکوژن لە برسا یان دەمانخنکێنن !!
ئەوانەی ئەو قسانە بۆ ترساندن و بێ ئیرادەکردن و لاوازکردنی خەڵکی کوردستان دەکەن ، لە دوو حاڵەت تێ ناپەڕێت ، یەکەمیان ئەو خەڵکانە خۆیان خەڵکی بێ ئیرادە و ترسنۆك و گیرفان پڕن و تەنها لە خەمی پڕکردنی گیرفانی خۆیان و تێرکردنی زگیانن ، دووەمیان ئەو خەڵکانە جێ بەجێکاری ئەجیندای دووژمنانی کوردن بۆ ترساندن و بێ ئیرادە کردنی گەلی کوردستان و شکست هێنان بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی .
گەلی کورد بەدریژایی مێژوو تەنها لە پێناو مانەوەی لەسەر خاکی باوباپیرانی و پاراستنی زمان و کلتورەکەی ، هەرچی جۆری مردنە تاقی کردوەتەوە ، مردن بە کیمیاوی مردن بەزیندە بەچاڵ کردن و مردن بەسێدارە و مردن بەبۆمبا بارانکردن و مردن بەفیشەك ، بۆیە هەرگیز لەمردن لەبرسا لەپێناوی سەربەخۆیی و ڕزگاری یەکجاری ناترسێت ، بەڵام
ئێستا زەمەنی هەڕەشە و چاو سورکردنەوە نیە و زەمەنی سنورداخستن و بێکەس کوژ کردنی کورد نی یە ، ئیدی کورد ئەو نەتەوە نەناسراو بێ پەیوەندیە دەرەکیە نیە کەتەنها چیاکانی کوردستان پشت و پەنای بن ، کورد ئیستا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە بەگەلێکی دیموکراسی خواز و ئاشتی خواز و دوژمنی توند و تیژی و تیرور و تێکشکێنەری داعش و بەرگریکار لە مافی مرۆڤ و کەمەنەتەوەو هەلگرانی ئاینە جیاوازەکان ناسراوە ، نەك تەنها لەلای دەسەڵات دار و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ، بەڵکو لەلای خەلکی ئەو ووڵاتانەش بەو نیشانانە ناسراوە .
ئەو زەمەنە چوو کە پەیوەندیە دبلۆماسی و سەربازیەکانی کورد لەگەل ووڵاتانی جیهان لەسەر بنەمایی مرۆیی و بەزەیی پێداهاتنەوە بێت ، ئیدی ئیستا پەیوەندیەکانی کورد لەگەل زلهێزان و ووڵاتانی دیکەی جیهان و ناوچەکە لەسەر بنەمایی بەرژەوەندی هاوبەشە و ئیدی کوردستان جێگەی وەبەرهینانی کۆمپانیاگەورە دەسەڵات دارەکانی ئەو ووڵاتانەیە و هیچ هیز و لایەنێک ناتوانێت هیرشی بکاتە سەر هەروەك داعش نەیتوانی.
حکومەتی کوردی و بارزانی یەکانی ناو ئەو حکومەت و دەسەڵاتە خۆیان باش دەزانن و دەمێکە پلانیان بۆ ئەمڕۆژە داناوە ، بۆیە کۆمپانیاکانی ( ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی و گاس برۆم و رووز نەفتی رووسی و شیڤرونی ئینگلیزی و تۆتاڵی فەرەنسی و چەندانی تریان ) هێنایە ئەم ووڵاتە و گرێبەستیان لەگەل کردوون و تا سێ ساڵ نەوتی کوردستانیان پێ فرۆشتوون ، بۆ ئەوەی هیچ ووڵاتیک و بەتایبەتی تورکیا کەریککەوتنی پەنجا ساڵەی نەقڵ کردنی نەوتی ئیمزاکردوە نەتوانیت سنور و بۆری دابخات ئەوکات خاوەن نەوتەکان خۆیان دەزانن چۆن گویی با دەدەن .
تورکیا نەك هەر سنور داناخات بەڵکو لەیەکەمین ئەو دەوڵەتانە دەبێت کە ئیعتراف بەدەوڵەتی کوردستان دەکات بۆ خاتری بەرژەوەندی نەوت و غازی خۆیی و داهاتی خاڵە سنوریەکانی . ئیران سنور دادەخات چەندە کوردستان لە ڕووی ئابوریەوە زەرەر دەکات ئیران خۆی دوو هێندە ، گەر هێرش بکاتە سەر کوردستانیش ئەوا کوردستان دەبێت بەو ئاگرەی کۆتایی بەئارامی بەعەرشی ئاخونەکان دینێت و ئەوکات دەبیت شەمخانی کەئیستا بەو پەری بی رەوشتیەوە پیشوازی لەسەرکردەی کورد دەکات ئەوکات بەچۆکە وە لەسەر ئەژنۆ بپاریتەوە لەکورد .
لەسەروی ئەمانەشەوە سەرۆك بارزانی دەمێکە ووتویەتی گەر بزانم سەربەخۆیی مەترسی بۆ میلەتەکەم هەیە ، موجازەفە بەمیللەتی خۆم ناکەم .
ئەوانەی باسی مردنی خەلک لەبرسا و قەیرانی دارایی دەکەن خۆیان و منداڵیان لە شوینە گەشتیاریەکانی دونیان و تەحەمولی گەرمایی هاوینی کوردستانیان نەکردوە .
کوردستانی داهاتوو نەک هەر برسی و جێ ی مەترسی نیە بەلکو خۆشگوزەران و پاریزراو دەبێت ، تەنها تۆزیک تەحەمولی دەویت تاسەرکەوتنی ریفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەت .