ئێران دەبێت ئەمریكا لە عێراق بچێتە دەرو هەزار كیلۆمەتر لە سنورەكانمان دووربێت
خواكوڕك
دوای دەست بەكاربوونی كابینەی نوێی ئەمریكا گوتاری هەریەكە لە وڵاتی ئێران و ئەمریكا دژ بە یەك توندر تر بووە, ئەمە جگە لەوەی كە ئەمریكا داوا دەكات كە سزایی زیاتر بەسەر ئێران بسەپێنێت, لە دواهەمین لێدوانی ئێران دژ بە ئەمریكا, بەر پرسێكی سەربازی ئەو وڵاتە داوای دوركەوتنەوەی ئەمریكا دەكات لە سنورەكانی بە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر .
محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوار شەممە ڕایگەیاند، پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بنەكەكانی بۆ هەزار كیلۆمەتر لە سنوری ئێران دووربخاتەوە گەر بێتو بەردەوام بێت لە سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەسەر وڵاتەكەیدا.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری جەعفەرییەوە بڵاویكردەوە “ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر سیستمی بەرگری ئێران و سوپای پاسداراندا، پێویستە بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەكە بۆ دوور هەزار كیلۆمەتر دووربخاتەوە لە سنوری ئێرانەوە”.
فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەوە بزانێت كە باجی گەورە دەدات بۆ هەر هەڵەیەك كە ئەنجامی بدات.
ئەو وتانەی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە كاتێكدایە، دوێنێ ١٨ی تەموز وەزارەتی دارایی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە دوو دامەزراوەی هێزەكانی ئاسمانی سوپای پاسداران و ناوەندی لێكۆڵینەوەی باقرالعلوم و چەند شوێنێكی دیكەی خستووەتە ناو لیستی سزادراوانەوە.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دارایی ئەمریكادا هاتووە “ئەو كەس و لایەنانە لایەنی سەرپێچیكارن و پشتگیری هەنگاوی تاوانكاریان كردووە”.
ئەو ناوەندانەی خراونەتە لیستی سزادراوانەوە ئەو شوێنانەن كە هاوكاری سوپای پاسدارانیان كردووە بە دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و یەختی خێرای سەربازی و ئامێری ئەلیكترۆنی و پارچەی موشەك.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانەی كە خراونەتە لیستەكەوە بەوە تۆمەتباركراون كە “پشتگیری بۆچوونی دوژمنایەتی ئەمریكا و ڕۆژئاوایان كردووە”.
لەنێوان سزادراواندا كۆمپانیای “رایان رشد افزار” و سێ كەسی پەیوەست بەو كۆمپانیا و كۆمپانیای درووستكردنی یەختی خێرای “مدكندێلوی كیش” و كۆمپانیای “امیلی لیو” كە لە وڵاتی چینە، و گروپێكی ئەلیكترۆنی تێدا دەبیندرێت.
لەناو سزادراواندا دوو كەس هەیە بەناوەكانی “محەمەد رەزا و محەمەد سەعید ” كە تۆمەتباركراون بە هاككردنی چەند كۆمپانیایەكی ئەمەریكی و دواتر زانیارییەكانیان فرۆشتووە بە ناوەندەكانی ئێران لەبواری سەربازی و ئەلیكترۆنیدا.
بڵاوكردنەوەی ئەم ناو و لایەنانە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی ١٧ی تەموزی ٢٠١٧ محەمەد باقر سەرۆكی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئێران ڕایگەیاندبووە، ئەگەر ئەمریكا سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە ئەوا بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.