مەلا بەختیار: سكرتێری پەرلەمان وەردەگرینەوە, ریفراندۆم بە یەكێتی راناگیرێت
خواكوڕك
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەبارەت بە سەردانەكەیان بۆ تاران و هەڵوێستی ئێران گوتی: “ئێران گشتپرسی رەتكردەوە و ئێمەیش تێبینی خۆمان دایە بەرپرسانی ئێران”.
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا باسی لە سەردانی شاندەكەیان بۆ ئێران كرد و گوتی: “پێشتر ئێران لە ئاستی رێبەر تاوەكو وەزارەتی دەرەوەی هەڵوێستیان هەبوو دژی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان ، لەم كۆبوونەوانەشدا بە وردتر دژایەتی خۆیان بۆ ئەو پرسە بە ئێمە راگەیاند، ئەوان قسەی خۆیانكرد و ئێمەیش قسەی خۆمانكرد ، ئەوان رەتیانكردەوە و ئێمە داكۆكیمان لە گشتپرسی كرد”.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی: “ئێمە بە بەرپرسانی ئێرانمان راگەیاند كە بە تەنیا بڕیارمان لە ئەنجامدانی گشتپرسی نەداوە كە ئێستا بە ئەرێ یان نا وەڵامتان بدەینەوە ، دەبێ بڕۆینەوە لەنێو خۆی حیزبەكەمان و لەگەڵ حیزبەكانی دیكەیش ئەو داواكارییەی ئێوە تاوتوێ بكەین و دواتر بۆمان دەردەكەوێت كە پرسەكە بەرەو كوێ دەڕوات”.
مەلا بەختیار بە ئاماژەدان بەوەی وڵاتان بە وردی لە گشتپرسی تێنەگەیشتوون و ئێرانیش هەمان هەلە تێگەیشتنی هەبوو، گوتی: “ئێمە بە ئێرانمان راگەیاند كە پرسی گشتپرسی هی هەموو لایەنەكانە و هەموو بەیەكەوە بڕیارمان لەسەر داوە ، لەلایەن 16 حیزبەوە بڕیاری لەسەر دراوە ، لە رێككەوتنی ئێمە و گۆڕاندا هەیە ، ئێمە حیزبێكین درووشمی مافی چارەی خۆنووسینمان بەرزكردووەتەوە، فیدراڵ ئێمە چەسپاندوومانە، بۆیە ئێستا ناتوانین بەپێچەوانەی درووشمەكانی خۆمان بە تاقی تەنیا بڕیار بدەین”.
مەلابەختیار گوتی: “هەڵوێستی وڵاتان ئێستا لای حیزبەكان هەیە و بەتایبەتی لای كاك مەسعود كە دەبێت بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین”.
دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
مەلا بەختیار سەبارەت بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی یەكێتی گوتی: “ئەوەی دیاریكراوە لە وادەی خۆیدایە، ئێستا دەمێنێتەوە كە كۆمیسیۆن ئایا دەتوانێت ئامادەكاریی بكات بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە ، ئەگەر كۆمیسیۆن بتوانێت ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدات، ئێمە وەك یەكێتی هیچ لارییەكمان نییە و وەك حیزبەكانی دیكە دەچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە”.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی راپرسییەك بۆ دەنگی حیزبەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوو كە دەگوترێت ، لەلایەن یەكێتییەوە بە نهێنی كراوە، گوتی: “بە موتڵەقی رەتیدەكەینەوە كە هیچ راپرسییەك لە هیچ ئۆرگانێكی یەكێتییەوە كرابێت و لە دوو رۆژی داهاتوودا دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بە فەرمی ئەوە رەتدەكاتەوە”.
پرسی كەركووك لە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران
مەلا بەختیار لەوەڵامی پرسیارێك بەوەی كە ئایا ئێران رازییە بە گشتپرسی بەبێ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ، گوتی “لە یەكێك لە كۆبوونەوەكان بە راشكاوی بە بەرپرسانی ئێرانمان گوت ، هەرچی روودەدات با رووبدات جارێكی دیكە قبوڵی ناكەین حكومەتی عێراق كەركووك بە بەشێك لە عێراق بزانێت بەبێ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ، ئامادەین باجی هەرچی شتە بدەین بەڵام ئەوە قبوڵناكەین، گوتمان هەندێ لە بەرپرسان لە بەغدا گوتویانە ماددەی 140 كۆتایی هاتووە كە هەم من و هەمیش بەڕێز هۆشیار زێباری لە كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە تووندی وەڵامی بەرپرسانی عێراقمان دایەوە ، حیزبە سیاسییەكان و كاربەدەستە سیاسییەكانی عێراق ئەوە لە خەیاڵی خۆیان دەركەن جارێكی دیكە ئێمە قبوڵی بكەین ماددەی 140 هەموار بكرێتەوە و لەدەستووریشدا هاتووە كە قابلی هەمواركردنەوە نییە”.
كۆمیتەی گشتپرسی و نوێنەری یەكێتی
مەلا بەختیار لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا قوباد تاڵەبانی و نەجمەدین كەریم نوێنەری یەكێتی بوون لە كۆمیتەی ریفراندۆم یان بە سیفەتی جێگری سەرۆكوەزیران و پارێزگاری كەركووك بەشدارییان كردووە، گوتی: “دكتۆر نەجمەدین كەریم وەك نوێنەری یەكێتی و پارێزگاری كەركووك بەشداریی كردووە ، كاكە قوبادیش لەسەر داوای جەنابی كاك مەسعود بەشداریی كردووە بەڵام كاك قوبادیش یەكێتییە و كوڕی مام جەلالە”.