پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ: ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەتوانێت نووسراوەكەی عەبادی بۆ ریفراندۆم جێبەجێ نەكات

 

خواكوڕك
دوای ئەوەی نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەڵامی نامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی دایەوە پەیوەست بەسازادنی ریفراندۆم لەم پارێزگایەو یەكلاكرنەوەی چارەنوسی پارێزگاكە, پەرلەمانتارێكی كورد لە عێراق رایدەگەیێنێت كە دەتوانن نووسراوەكەی عەبادی بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆم جێبەجێ نەكەن.

زانا رۆستایی، پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە، پارێزگای كەركوك بەپێی یاسای 21ی 2008ی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوە ناچێت، بەڵكو بەپێی فەرمانی پۆڵ بریمەر بەڕێوە دەچێت كە پێش پەرلەمانی عیراق فەرمانی بۆ پارێزگاكان دەركردووە.

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ گوتیشی: “ئەو فەرمانەی بریمەر جۆرێك لە دەسەڵات دەداتە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە هەتا ئەندازەیەكی زۆر بڕیار بەدەستی خۆیەتی و حكومەتی عیراق ناتوانێت فشاری زۆری لەسەر دروست بكات، لەبەرئەوەی وەكو پارێَزگاكان پابەند نییە بە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان”.

زانارۆستایی ئاماژەی بەوەكرد كە نامەكەی عەبادی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كاریگەری هەیە، بەڵام ئەنجومەنیش تەواوی دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت كۆبوونەوە بكات و فەرمانەكە جێبەجێ نەكات.

 

Back to top button