وه‌ڵامێک بۆ باست حه‌مه‌ غه‌ریب ….. کێ وای له‌ سلێمانی کردوه‌ ؟

کاوه‌ی شێخ سه‌لام

سلێمانی
هێشتا ترس هێنده‌ زاڵه‌
سپی ئه‌بات
له‌ قه‌ترانی خیانه‌تی خومخانه‌دا
نوقمی ئه‌کات
به‌ هه‌نگاوێک
ئه‌چێته‌ دڵی ڕاڕاوه‌
پێوه‌ره‌کانی ئه‌شکێنێ
گه‌وجی ئه‌کات
ترس ئه‌چێت
له‌خاکه‌ساری دۆستێکی
دایه‌گه‌وره‌ی بابانه‌کان
سه‌ما ئه‌کات
تیر هاوێژی سه‌ردڵی شێخی ئه‌م شاره‌
خه‌ڵات ئه‌کات
ئه‌وه‌ ترسه‌
خه‌نده‌ی سه‌رلێوی منداڵان ئه‌سڕێته‌وه‌
ئه‌ملاولای سته‌م ماچ ئه‌کات
له‌م پایته‌خته‌
ترس دره‌ختێکی شه‌نگه‌
په‌پووی دنیا له‌سه‌ر په‌لی براگه‌وره‌ن
توتی و قه‌له‌ڕه‌شی داماو
بۆ ( بژی ) یه‌ک
له‌ چوار ده‌وری
به‌زمی شه‌وانه‌ سازئه‌که‌ن
له‌م پایته‌خته‌ ئازاده‌دا
ده‌رگای زمانی ڕۆشنبیر
کڵۆم ئه‌کرێ
له‌ژێر دێوجامه‌ی دڵسۆزی
کوردایه‌تی
خوێن و خه‌بات
ئه‌شکی منداڵانی شه‌هید
هه‌ڕاج ئه‌کرێ
برسێتی
یان ڕاستتر بڵێم برسی کردن
زۆر کڵاوڕۆژنه‌ی گرتوه‌
هیوای زۆرێک کلوه‌ به‌فر و
گوڵه‌ مێخه‌کی نیو سه‌ده‌ی
بۆ ئه‌گریجه‌ی کچانی شار
ونکردوه‌
ترس و سته‌م و برسێتی
له‌به‌ردیشدا کۆکه‌یته‌وه‌
ئه‌یته‌قێنێ
سلێمانی زیندووترین شاری دڵم
به‌رده‌وام ده‌نگی ئه‌گاته‌
ناخی ئاسمان
بێهۆ نیه‌ ئه‌ناڵێنێ
لاوه‌کانی به‌ فیشاڵی
به‌خشینه‌وه‌ی تاوانه‌کان
بۆ گیانی ئه‌وه‌کانی تر
ئه‌هه‌ژێنرێ
سلێمانی
له‌لایه‌ن چه‌ندین مافیاوه‌
ئه‌دۆشرێت و
ئه‌فرۆشرێت و
به‌ پێدانی سڕکه‌ره‌کان
ئه‌خه‌وێنرێ
له‌ سلێمانی ئازادیت
به‌ نیشتیمان پێبکه‌نی !
تف له‌باڵای شه‌هید بکه‌ی!
کاریزما بکه‌یت به‌ سه‌گسار!
ئاڵا بکه‌یت به‌ په‌شته‌ماڵ !
ته‌نانه‌ت خواش بڕه‌نجێنی
به‌س وریابیت به‌به‌دگۆیی
ده‌سته‌ڵاتی ئه‌م سنووره‌
له‌سه‌ر گرد و
شیو و دؤڵدا
ناو نه‌هێنی
لێره‌ ترس
باوان ئه‌کات به‌ بێگانه‌
چاوی ( ڕاستیی ) ئه‌نوقێنێ
ویژدان له‌مه‌زاد دائه‌نێ
گه‌رووی ئازاد ئه‌تاسێنێ
لێره‌ ده‌ستێک هه‌مه‌کاره‌
به‌ده‌ستکێشێک داپۆشراوه‌
په‌نجه‌کانی هی ئێرانه‌ ؟
هی تورکیایه‌ ؟
هی عێراقه‌‌ ؟
هی سوریایه‌‌ ؟
که‌س نازانێ
بۆ بۆهه‌موو ئامانجێکی
داگیرکه‌ران ئاوه‌ڵایه‌ ؟

2017

Back to top button