بەپەلە: وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوە

خواكوڕك
لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی پێشمەرگە سەربارەت بە لێدوانێکی بەڕێز مارك تۆنه‌ر جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وەی ئەمریکا‌ کە تێیدا رایگه‌یاندبوو گرینگه‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌موو گرووپه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی دیكه‌ی عێراق‌ بچنه‌ ژێر فه‌رمان و كۆنترۆڵی سوپای عێراق‌  رایدەگەیەنێت کە پێشمەرگە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا دەبێت. بەگوێرەی دەستووری عیراقیش پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عیراق، هەرچەندە حکومەتی عیراق لەڕووی مەشق و راهێنان و دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازی یارمەتی پێشمەرگەی نەداوەو بەرپرسیاریەتی هەڵنەگرتووە.
 
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوەكە دا دەلێت، گەلی کودستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە شانازی بە رۆلی قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات چ لە رابردوو چ لە شەری تیرۆرستانی داعش. پێشمەرگە بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە تاکە هێزە دەتوانێ رووبەڕووی دڕندەترین گروپی تیرۆریستی بووەستێ. هاوکات پێشمەرگە نیازی نییە دەست بەسەر هیچ ناوچەیەکدا بگرێت، بەڵام بەرگری لەهەموو ئەو شوێنانە دەکات کە تیرۆریستانی داعشی تێدا دوورخستۆتەوەوەو لەو شوێنانە دەمێنیتەوە تا ئەو کاتەی مەترسی تیرۆریستان بۆ سەر ناوچەکان نامینێت.
 
هەروەها دەشلێت ،هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە ئامادەییان نیشانداوە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی سوپای عیراق بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەو تێکشکاندنی تیرۆریستان و بەکردەوەش ئەمەیان سەلماندووە. وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، شانازی دەکەین کە پەیوەندی باشمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و جێبەجێکردنی بەرنامەی ئازادکردنی موسڵ.
Back to top button