کینەی تایفیانە و داخی شۆفێنیانەی مالکی کار لە چارەنووسی کوردستان ناکات

سەرۆ قادر

نوری مالکی جێگری سەرکۆماری عێڕاق، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سپۆتنیکی ڕوسی(٢١ تەموز)، سەبارەت بە ڕیفڕاندۆمی کوردستان، گوتویەتی لە ڕووی دەستوری و قانونی و باری نێودەوڵەتی، کوردستان بۆی نیە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت. وەک رۆلی هەمیشەیی خۆی، مالکی پێیوایە ئەوە سەرۆکی کوردستان(سەرۆک بارزانی)ە گەلی کوردستان بەرەو بەواقیع کردنی خەونی سەربەخۆیی دەبات.
هەڵوێستی تایفی و شۆفێنیانەی مالکی شاراوە نیە، هەر ئەوەش وایکردوە شەرم لە خوا و خەڵک نەکات باسی دەستور بکات. مافی بڕیاردانی چارەنوس لە دەستوردا بۆ کورد پارێزراوە و بە مالکی کە هەر خۆی هۆکاری جێ بە جێ نەکرانی ئەو دەستورەیە، بێبەش ناکرێت. وەک دیاریشە جێ بەجی کردنی دەستور زامنی مانەوەی یەکپارچەیی عێڕاقە. ئەو کە تێکەڵی هەموو پیلانێک دژی هەرێمی کوردستان بووە، هەر خۆی هۆکاری سەرەکی پارچەبوونی عێڕاقە، نەک خەونی سەرۆکی کوردستان.

هەر ئەو دەستورەی مالکی باسی دەکات و قەتیش ئیلتزامی پێوە نەکرد، ئەگەر کورد پشتیوانی نەکردبا لە ڕیفڕاندۆمدا دەیدۆڕاند، چونکە هەر بە سێ پارێزگای سوننەی عەرەب دەیانتوانی رەدی بکەنەوە و شکستی پێ بێنن.

ئێمە لە کوردستان لە هەموو کەس باشتر دەزانین مالکی لە ڕووی سیفاتی شەخسیشەوە چەندە بێ نان و نمەکە. لە هەشتاکاندا کورد دەرگای ماڵی خۆیان بۆی کردەوە و حەواندیانەوە. لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس نەیدەتوانی لە باشوری عێڕاقەوە بگەڕێتەوە بەغدا، ئەوە کوردستان بوو لە حاجی ئۆمەرانەوە بە پاسەوانی پێشمەرگە گەیاندییە بەغدا و لەوێش دەیپاراست، تا دەستی کرایەوە ئینجا کەوتە دژایەتی ئەو میللەتەی ئەوی پاراستبو.

لە دوژمنکاری و نمەک نەناسییە هەرە دیارەکانی مالکی، بڕینی بودجە و نانی خەڵکی کوردستان بوو، ئەویش لە کاتێکدا بە پیلانێکی داڕێژراو داعش هێندرایە سەر کوردستان و شەڕی مان و نەمانمان دەکرد. مالکی ئامادە بوو بەشداری هەر پیلانێک بکات کە دژی کوردستان بێت. بەڵام بە پێچەوانەی ئاواتی پیلانگێڕان، پێشمەرگە کوردستانی پاراست و یارمەتی سوپای عێڕاقیشی داوە تا بتوانێ لە سەڕی دژی داعش بەردەوام بێت و موسڵ ئازاد بکرێ. ئەو موسڵەی مالکی تەسلیمی داعشی کرد.

مالکی باسی بێ پشتیوانی کوردستان لە کێشەی سەربەخۆییدا دەکات و دەڵێت تەنیا ئیسڕائیل پشتی کوردستان دەگرێت، ئێمە پێیدەڵێین ئەو رۆلەی پیشمەرگە و کوردستان لە پاشەکسەپێکردنی تیرۆردا هەیەتی، ئەو پێگە جیهانییەی بۆ دروست کردوە کە تەرەفێکی بەهێزی هاوپەیمانی دژی داعش بێت. ئێمە بە هەمان دەستوری کە مالکی پییوایە ڕێگامان نادات، ڕیفڕاندۆم دەکەین و سەریش دەکەوین.

سەبارەت بە پارچەکانی دیکەی کوردستان کە مالکی چەواشەکاری و موزایەدەی پێوە دەکات، ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆین و سەردەکەوین. بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەمیشە گوتومانە بارودۆخی تایبەتی خۆیان بۆ چارەسەری دۆزەکەیان هەیە و ئێمە پشتیوانیان دەکەین. جا
ئەگەر مالکی نایەوی تێبگات بۆ خۆی دەمێنێتەوە.

Back to top button