بەڕێوەبەری سی ئای ئەی: ئامانجێكی سەرەكیمان شكاندنی هیلالی شیعییە
زیادبوونی سەرزەمینی هیلالی شیعی لە عێراق و سووریا, نزیك بوونەوەی ئامانجی ئێران لە بە كۆتاگەیاندنی كێشانی هیلالی شیعی مەەترسی لای كۆمەلگای نێو دەوڵەتی و ئەمریكا دروستكردووە, بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا(CIA)، داعش و ئێران بە دوو هەڕەشەی گەورە لە سەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی و هاوپەیمانەكانی دادەنێت.
مایك پۆمپیۆ دەڵێت، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەوڵەكانیان بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داعش چڕكردوونەتەوە و سەركەوتنی گەورەشیان بەدەستهێناوە.
دەربارەی ئێران، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی باس لەوە دەكات تاران لە هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆیدایە، بەڵام واشنتن پلانی خۆی هەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو سیاسەتە.
مایك پۆمپیۆ دەڵێت، ئێران سوود لە هێزە نزیكەكانی خۆی لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن وەردەگرێت بۆ زیاتركردنی سنووری قەڵەمڕەوی خۆی، بەڵام ئەمریكا كاردەكات بۆ شكاندنی ئەو هیلالی شیعییە.
مایك پۆمیۆ دەشڵێت “حیزبوڵڵا تەنیا یەكێكە لەو نموونانەی ئێران بەكاریان دەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی، كە توانای بەرفراوانكردنی كۆنترۆڵییەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها هەندێك میلیشیای شیعە و هەوڵەكانی تاران لە یەمەن و هێزە نزیكەكانی لە عێراق، كە بەشێوەیەكی فەرمی دەسەڵاتیان لە عێراقدا هەیە. هەریەكە لەمانە هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، ئەم ئیدارەیەش ئەركی تێكشكاندنی ئەوەیە”.
شەڕی نێوخۆی سووریا بەردەوامە، ئەمریكاش پێگەیەكی بەهێزی لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریادا هەیە. ئەمریكا لە شەڕی دژ بە داعشدا یارمەتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەدات، كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی، بەڵام بەڕێوەبەری سی ئای ئەی رەتیدەكاتەوە ئەو هێزە كوردییانەی ناو هەسەدە بە دۆستی واشنتن ناوبهێنێت.
مایك پۆمپیۆ دەڵێت “پێموانییە بتوانیت دەربارەی كوردەكان وەك پێكهاتەیەكی تایبەتی لە هەر رووداوێكدا قسە بكەیت. ئەمە شتێكی زۆر ئاڵۆزە و وەڵامێكی دوورودرێژی دەوێت. بەڵام لە هەندێك بواردا لەگەڵیان كار دەكەین و ئەوانیش یارمەتیمان دەدەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی كە ئەمریكا دەیەوێت”.
دەربارەی چارەنووسی بەشار ئەسەد، مایك پۆمیۆ گوتی “زەحمەتە بیر لە سووریایەكی ئارام بكەیتەوە كە تێیدا ئەسەد هێشتا لە دەسەڵاتداربێت.. ئەو بووكەڵەیەكی ئێرانییەكانە و وادیارە زەحمەتە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بێت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاش پارێزراو بن”.
بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی دەیەوێت هاوئاهەنگی لەگەڵ مۆسكۆ لە چەند بوارێكدا هەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە سووریا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.