هاورێ با هاوڕا بین

مەسعود مەلا پەروێز
 
منیش وەک تۆ دەزانم گەندەڵی هەیە و لەم هەرێمە خەڵکانێک هەن بونەتە فیرعەون و لەسەر ڕەنجی من و تۆ بونەتە ملیار دێر و هیچ لایان گرنگ نیە ئەو کەشتیەی کە من و تۆی لەسەرین بەرەو کوێ دەڕوات ، بەڵام هاوڕێ دەبێ بزانیت نوقم کردنی کەشتیەکەیش چارەسەر نیە ، چونکە ئەو کات تەنها من و تۆی سەر نشین تیا دەچین ، بیر بکەرەوە و ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەوە ، ڕابردوویەک کە پڕە لە زیندان و ئەنفال و کیمیا باران و بێ سەروەری و ئەشکەنجە و دیلی ، ڕابردویەک کە نە تۆ و نە من خاوەنی هیچ نەبووین تەنانەت خاوەن خۆشمان نەبوین ، هەر کاتێک بیانوویستایە شکۆی نیشتیمانیان دەشکاند ، هەر کاتێک بیانووستایە هەرچی پیرۆزی من و تۆیە دەیانخستە ژێر پۆستاڵەکانیان .
 
ئەوە ڕابردوویەکی رەش و تاڵ بوو بەڵام ئێستا ئاسۆیەکی ڕوونمان لە پێشە ، هەرچی ڕق و کینە و توڕەیت هەیە بەرامبەر هەرکەسێک هەتە لەم نیشتمانە فڕێیدە دەریایەوە ، ڕوو لە ئاسۆ بکە و دڵت پاک و خاوێن بکەوە لە ئاست گەورەیی نیشتیمان ، بە توڕەییەوە بڕیار مەدە و دژی خۆت و داهاتووی نەتەوەکەت مەبە دەرفەتێکە هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی سەر بەرز و خاوەن شکۆ بین ، دەرفەتێکە بۆ سەربەخۆیی نیشتیمان و پاراستنی شکۆی نەتەوەیت ، هاوڕێ منیش دەزانم کێشەی دادوەری و گەندەڵی هەیە ، بەڵام ئەگەر تۆ لەسەر ئاوازی داگیر کەران بخوێنیت چ داد و دادپەروەریەک بەدەست دەهێنی ؟
وەرە هاوڕێم مەبە و هاوڕام بە بۆ گەیشتنی گەشتیەکە بۆ کەناری ئارامی و سەربەخۆیی ، ئەو کات دەتوانین وڵاتێک بنیات بنێین دوور لە هەموو نا دادپەروەرییەک
Back to top button