ڕەوەندی كوردیی لە ئەڵمانیا پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن
بەمەبەستی پشتگیری كردن لە ریفراندۆمی باشووری كوردستان, رەوەندی كورد لەوڵاتی ئەلمانیا, ئەمڕۆ یەكشەممە ئاهەنگێكی گەورەی جەماوەری سازكرد.
لە ئاهەنگەكەدا، كە لە شاری (Herne ) لە خۆرئاوای ئەڵمانیا لە ویلایەتی (باكووری ڕووباری ڕاین)، بەڕێوەچوو، ژمارەیەكی زۆر لە ڕەوەندی كوردی و نوێنەرانی حزبە كوردستانییەكانی هەر چوار پارچەكەی كوردستان، بەشدارییان كرد و تێیدا درووشمی “سەربەخۆیی كوردستان”یان، بەرز كردەوە.
لەو ئاهەنگەدا، چەند چالاكییەك ئەنجام دران، لە نێویشیدا چەند كەسایەتییەك گوتاریان پێشكەش كرد. بەشداربووانیش داوایان لە پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا كرد، دژ بە خواستەكانی گەلی كورد و مافی چارەی خۆنووسین، نەوەستێتەوە.
بەشداربووان گوزارشتیان لەسەرسوڕمانی خۆیان كرد بەرامبەر ئەوانەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕەت دەكەنەوە، داواشیان كرد، كۆتایی بەو نەهامەتییانە بهێنرێت كە سەد ساڵە بەهۆی ڕێكەوتنی (سایكس_ بیكۆ)وە تووشی كورد هاتووە، هەروەها داوایان كرد، كوردیش هاوشێوەی میلەتانی دیكە بە مافی خۆی بگات و ببێتە خاوەن دەوڵەت.